نوێنەرى عیراق لە یونسکۆ رێکارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرز دەنرخێنێت

  • 2020-08-19
  • 162 Views
نوێنەرى عیراق لە یونسکۆ رێکارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرز دەنرخێنێت

نوێنەرى عیراق لە یونسکۆ رێکارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی و ھاوکاری خۆیان و رێکخراوەکەیانی بۆ پلان و ستراتیژی وەزارەت بۆ خوێندنی ساڵی داھاتو دەردەبرێت

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت

د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەئکیدى کردەوە کە ڕاسپاردەکانى یونسکۆ لەکەرتى خوێندنى باڵاى هەرێم ڕەچاو دەکرێن و بەهەند وەردەگیرێن، سوپاسى ڕیکخراوەکەشى کرد بۆ ئەو هاوکاریانەى کە لەکاتى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا پێشکەشى پڕۆسەى خوێندنیان کردوە، نوێنەرى یونسکۆش رێکارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرز دەنرخێنێت و پشتیوانی و ھاوکاری خۆیان و رێکخراوەکەیانی بۆ پلان و ستراتیژی وەزارەت بۆخوێندنی ساڵی داھاتو دەردەبرێت.

ئەم هەماهەنگى لێکتێگەیشتنەى هەردولا لەمیانەى ئەو پێشوازیەدا هات کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى ١٩/٨/٢٠٢٠ د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان  لە پڕۆفیسۆر د.محمود شاکر ئەلمولا شەرەف نوێنەری ھەمیشەیی حکومەتی عێراق لە ڕیکخراوى یونسکۆى کرد، کە هەریەک لە بریکاری وەزیر و سەرۆکی زانکۆی  ئەربیل و بەڕێوەبەرانی گشتتی ئامادەى دانیشتنەکە بوون.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەبایەخەوە باسى لەهەماهەنگى نێوان هەردولا کرد و سوپاسى ڕێکخراوى یونسکۆ و نوێنەرى هەمیشەیى عیراقى لەو ڕێکخراوە کرد، کە لەماوەى ڕابردو بەتایبەت لەکاتى بڵاو بونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بونە و بەردەوام لە گفتوگۆ و پەیوەندیدا بون بۆ بۆ ئەوەى باشترین ڕیگەچارە و بژاردە بۆ پڕۆسەى خوێندن لەسەر بنەماى زانستى جێبەجێ بکرێن، بەتایبەت ئەو ڕێگە چارانەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم گرتنیەبەر بۆ ئەوەى پشتیوانى ڕێخراوى یونسکۆى هەبێت.

د.ئارام محەمەد قادر تەئکیدىیشى کردەوە کە ڕاسپاردەکانى ڕێکخراوى یونسکۆ لەکەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ڕەچاو دەکرێت و بەهەند وەردەگیرێن.

لەبەرامبەردا پڕۆفیسۆر د.محمود شاکر ئەلمولا شەرەف نوێنەری ھەمیشەیی حکومەتی عێراق لە ڕێکخراوى یونسکۆ ئامادەیى و پشتیوانى خۆى دەربڕى بۆ هاوکارى کردنى زیاترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەهەمو کارەکانى داهاتوى تایبەت بە پرۆسەى خوێندن، بەتایەبت بۆ چۆنیەتى بەرەنگاربونەوە و بەردەوام بونى خوێندن لەسەردەمى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنادا.

لە بەشێکى دیکەى دانیشتنەکە باس لە پەیوەندییەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێکخراوى یونسکۆ و ئەو هاوکاریانە کرا کە لەکاتى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا ڕێکخراوەکە پێشکەشى پڕۆسەى خوێندنى هەرێمى کردوە، بۆ بەردەوام بونى ساڵى خوێندنى ٢٠١٩ – ٢٠٢٠  .

هاوکات بەبایەخەوە باس لەو پلانان و ئەگەرانە کرا کە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ لە پڕۆسەى خوێندن جێبەجێ دەکرێن، لەهەمان کاتدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى ڕابردوى نێوان هەردولا کرا و لەو بارەیەوەش نوێنەرى ڕێکخراوى یونسکۆ تەئکیدى کردەوە کە بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبن.