سیمیناری ” پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران ” بەڕێوەچوو

  • 2020-08-24
  • 335 Views
سیمیناری ” پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران ” بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی 23 – 8 – 2020 کاتژمێر 9ۍ شەو بۆ ماوەی زیاتر لە 2 کاتژمێر سیمینارێک لەلایەن بەڕێوەبەری تۆماری گشتی ( د.بەختیار عبید شەریف) و تیمێک لە فەرمانبەرانی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تایبەت بە ” چۆنیەتی کارکردن لەسەر پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران ” پێشکەشکرا.

سیمینارەکە لە ڕێگەی گوگڵ میتەوە و بەئۆنلاین بەڕێوەچوو کە تیایدا زیاتر لە75 مامۆستای زانکۆ لە بەڕێوەبەرانی تۆماری گشتی و سەرۆک بەشە زانستییەکان و لێپرسراوانی هۆبەی تۆمار لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.

شایانی باسە لە سیمینارەکەدا چۆنیەتی کارکردن لەسەر پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ بەشداربووان ڕوونکرایەوە و بە پڕاکتیکی شێوازی پێشکەشکردنی مامەڵەی خوێندکار لەسەرتای پێشکەشکردنی داواکاریەکەی تاوەکو قۆناغی پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتەوە خرایەڕوو کە زۆر بە شەفافانە سەرجەم مامەڵەکان دەبینران لە چ قۆناغێکدایە و تەنانەت خوێندکاریش ئاگاداری ڕەوشی بەڕێوەچوونی مامەڵەکەیەتی لە ڕێگەی ئەکاونتی پێشکەشکردنی داواکاری خوێندکار.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا بە پرسیار و پێشنیارەکانی بەشداربووان بۆ تیمی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کۆتایی پێهات.

جێی ئاماژەیە بۆ یەکەمینجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق مامەڵەی گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بە ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت لە ڕێگەی پلاتفۆڕمێکی تایبەتەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیەوە ئامادەکراوە و خراوەتە خزمەت خوێندکاران و سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.