مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە هاوبەڕێوەبەر لە پڕۆژەیەکی بەناوبانگی بەریتانی و فەندێکیش بەدەستدەهێنێت

  • 2020-09-01
  • 500 Views
مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەبێتە هاوبەڕێوەبەر لە پڕۆژەیەکی بەناوبانگی بەریتانی و فەندێکیش بەدەستدەهێنێت

لەبەردەوامی دەستکەوتە نێودەوڵەتیەکانی دا، د. ڕۆژین کەمال محمدامین، سەرۆکی گرووپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی سەر بەسەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و مامۆستا لە کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری بەشی پلانسازی شار، لەلایەن بەڕێوەبەری پڕۆژەی تۆڕی نەهرەین، پرۆفیسۆر ئیلینۆر ڕۆبسۆن، لە زانکۆی University College London (UCL) ی بەڕیتانیەوە بانگهێشت کرا بۆ هاوبەڕێوەبەرێتی کردنی پڕۆژەکە هاوشانی پرۆفیسۆر پۆل کۆلینز لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەڕیتانی و هاوبەڕێوەبەرێکی تری نوێی پڕۆژەکە، پ.ی. د.جعفر جذری لەزانکۆی قادسیە.
پڕۆژەی تۆڕی نەهرەین پڕۆژەیەکی فرە ملیۆن پاوەندە کە بنکەکەی لە زانکۆی UCL ی بەڕیتانیە، کە بەپێی ڕانکی شەنگهای سێهەمین زانکۆیە لەسەر ئاستی بەڕیتانیا و ١٥ هەمین زانکۆیە لەسەر ئاستی جیهان.

پڕۆژەکە (کە لە مانگی ١٠ ی ٢٠١٧ ەوە دەستیپێکردووە و تا ٣٠/٩/٢٠٢١ بەردەوام دەبێت) فەندێکی گەورەی لە ئەنجومەنی توێژینەوەیAHRC ی بەڕیتانی بەدەستهێناوە بۆ پەرەپێدانی توانای توێژینەوە و کارکردن و ئەنجامدانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی بۆ پێشخستنی کەرتی کەلەپووری کولتووری لە عێراق و ووڵاتە دراوسێکانی. بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند ساڵی پێشوودا تۆڕی نەهرەین لە ڕێگەی چەند پرۆگرامێکی وەک فەندی پڕۆژەی گەوەرە و بچووک و توێژەری سەردانکەر و چەند کارێکی تریەوە، ژمارەیەک چالاکی و پڕۆژە توێژینەوەی کاریگەری ئەنجامداوە. پێشتر زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوودمەند بوو لەبەشێک لەم پرۆگرامانە و یەکێک لەوانەش ئەو فەندی پڕۆژە گەورەیە بوو کە ساڵی پار سەرۆکی گرووپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی و هاوبەڕێوەبەرەکانی لە تۆڕی نەهرەین بەدەستیان هێنا بۆ چالاکیەکانی پڕۆژەی تۆڕی کەلەپووری کولتووری هاوبەشی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆکانی ڕێدینگ و لیستەری بەڕیتانی.

لە نامە بانگهێشت کردنە فەرمییەکەدا دا کە ئاڕاستەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کراوە، پرۆفیسۆر ئیلینۆر ئاماژە بە سەرسامێتی ئەنجومەنی توێژینەوەی AHRC ی بەڕیتانی دەکات بە مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ئاماژە بە ڕەزامەندێتی تەواویان دەکات بۆ بوونی بەڕێزیان بە هاوبەڕێوەبەری ئەم پڕۆژە گەورە بەڕیتانیە هاوبەشە لەماوەی ١٤ مانگی داهاتوو دا.

سەبارەت بەم دەستکەوتە سەرۆکی گرووپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی بۆ سایتی زانکۆ دەڵێت، “سوپاسی بێ پایانم بۆ پرۆفیسۆر ئیلینۆر ڕۆبسۆن و گشت تیمی پڕۆژەی تۆڕی نەهرەین هەیە بۆ متمانەیان پێم بۆ کارکردنم لە گەڵیان لە ئەم ئاستە باڵایەدا و ڕەخساندنی ئەم دەرەفەتە ئەکادیمیە ئاست بەرزە بۆ خۆم و زانکۆمان و ئەندامە دڵسۆز و ماندوونەناسەکانی تیمەکەم کە بتوانین پڕۆژە توێژینەوەیەکی داهێنەرانەش ئەنجام بدەین. وە سوپاسی تایبەتم هەیە بۆ سەرۆکی زانکۆمان پ.ی. د. ئالان فەرەیدوون علی ئەمین، بۆ ڕابەرێتی کردنی تازەگەرێتی لە زانکۆمان و پۆزەتیڤی و پشتگیری بەردەوامی بۆ پڕۆژە و چالاکیە نێودەوڵەتیەکانمان لە خزمەت پێشخستن و ناوبانگی زانکۆمان و هاندانی ئەکادیمیانی گەنج. وە سوپاسی زۆریشم هەیە بۆ بەڕێزان سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و هەردوو یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی و هەموو ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستا و ستافانەی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگا و بەشە پەیوەندیدارەکان و خۆبەخشەکان و هاوکارانمان لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ کە لەساڵی پاردا لە کات و بە شێوازی جیاواز هاوکاری و کارئاسانیان بۆ کردووین لە ئەنجامدانی کار و چالاکیە زۆرەکانی پڕۆژەی تۆڕی کەلەپووری کولتووری و پڕۆژەکانی تری گروپی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی.
شایەنی باسە، لە ماوەی چوار ساڵی پێشوودا، د. ڕۆژین کۆی زیاد لە نیوملیۆن دۆلار فەندی بۆ ژمارەیەک پڕۆژە توێژینەوە و چالاکیە ئەکادیمیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە هاوبەشەکانی زانکۆ بەدەستهێناوە و متمانە و پەیوەندی پتەوی ئەکادیمی هەیە لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە پرۆفیسۆر و ئەکادیمیەکانی زانکۆ و دەزگا بەناوبانگە نێودەوڵەتیەکان لە ئەوروپا و بەڕیتانیا و کەنەدا و ئەمەریکا و نیوزلەندا.
زانیاری زیاتر دەربارەی پڕۆژەی تۆڕی نەهرەین و هاوبەڕێوەبەرەکانی لەم لینکەدا دەست دەکەوێت:
https://www.ucl.ac.uk/nahrein/project-team/core-team