بانگەواز بۆ هەلی کاری پۆست دکتۆرا/ توێژەری لە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیدا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

  • 2020-09-02
  • 344 Views
بانگەواز بۆ هەلی کاری پۆست دکتۆرا/ توێژەری لە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیدا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

گروپی توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی لەسەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هەلێکی کاری پۆست دکتۆرا/ توێژەری دەڕەخسێنێت بۆ توێژەرێکی چالاك و پابەند بۆ کارکردن لە پڕۆژە توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی نێوپسپۆڕی گروپەکە لە بواری کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی بۆ ماوەی یەک ساڵ(بە مانگانەی ٦٠٠ پاوەندی ئیستەرلینی/کە دەکاتە نزیکەی ٨٠٠ دۆلاری ئەمەریکی). پڕۆژەکە لەلایەن تۆڕی نەهرەینی سەر بە زانکۆی بەناوبانگی یو سی ئێڵی بەڕیتانیەوە فەند دەکرێت. پێشکەشکارە سەرکەوتووەکە لەژێر سەرپەرشتیارێتی د. ڕۆژین کەمال محمدامین دا کاردەکات، کە بەڕێزیان سەرۆکی گروپی توێژینەوەی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵیە و هاوبەڕێوەبەڕی تۆڕی نەهرەینە.

ئەرک و کارە سەرەکیەکان
ئەرک و کارە سەرەکیەکانی پێشکەشکارە سەرکەوتووەکە بریتیە لە:
– هاوکاری کردنی د. ڕۆژین کەمال لە کۆکردنەوەی داتا و نووسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی لە بواری کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی دا.
-بەشداریکردن لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی وێبینار و سیمینار و ۆرک شۆپە ڕاهێنانە مانگانەکانی پڕۆژەکە.
– بەشداریکردن لە ڕاهێنانی توێژەرە یاریدەدەر و خۆبەخشەکانی پڕۆژەکە.
– ڕێکخستنی فۆکەس گروپ و چالاکیەکانی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگا و کەمپەینەکانی کراود سۆرسینگ لە قۆناغەکانی دیزاین کردن و جێبەجێکردنی پێشانگایەکی کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ئۆگمێنتد ڕیاڵتی.
– بەشداریکردن و سەرپەرشتێتی کردنی هەڵسەنگاندنی پێشانگا دیجیتاڵیەکە لەلایەن توێژەرە یاریدەدەرەکانەوە.
-ڕێکخستنی دۆکیومێنت کردنی گشت چالاکیەکانی پڕۆژەکە و بەشداریکردنی کارا لە نوسینی ڕاپۆرتە داواکراوەکان.
– وەرگێڕانی دۆکیومێنتە داواکراوەکان (بەپێی پێویست) و پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا و هەر تێکستێکی تر بۆ پڕۆژەکە لە زمانی ئینگلیزیەوە بۆ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و بە پێچەوانەوە.

کارامەیی و ئەزموونی داواکراو
پێشکەشکارە سەرکەوتووەکە پێویستە ئەم کارامەیی و ئەزموونانەی خوارەوەی هەبێت:
– بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا(لە ئەگەری پێشکەش کردن بۆ پۆست دکتۆرا) لە بواری جیاوازی پەیوەندیدار وە ئارەزوو و توانا و ئەزموونی(یان قابلیەت) هەبێت بۆ توێژینەوەی نێوپسپۆڕی لە بواری کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی.
– کارامەیی ئاستی نایاب لە ئاخافتن و نووسینی ئەکادیمی بەزمانی ئینگلیزی (ئەمانەش بەپێشکەش کردنی بەڵگەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وەک تۆفڵ و ئایڵتس یان هەر تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی دەسەلمێنرێت یاخود بە پێشکەش کردنی نموونەی نووسینی ئەکادیمی و ئاخافتن بە زمانی ئینگلیزی لەکاتی چاوپێکەوتن دا هەڵدەسەنگێنرێت).
-پابەندێتی بە ئیتیکی (ڕەوشتی) بەرزی کارکردن ( بە ئیتیکی توێژینەوەشەوە) و پیشەیی بوون.
– کارامەیی رێکخراوەیی و بەڕێوەبردنی کاتی نایاب (وە توانای تەواوکردنی کات لە ماوەی دیاری کراودا).
– جێی متمانەبێت و بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرکاکانی دا و خۆهاندەر بێت.
– کارامەیی زۆرباش بێت لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانیاری دا.
– ووردبین بێت لە کارەکانی دا.
– مرونە و توانای گونجاندنی هەبێت لەگەڵ کات و شوێنی کارکردنی جیاواز دا.
– توانای هەبێت کە هەم سەربەخۆیانە و هەم بەگروپ لەگەڵ ئەندامانی تر و هاوکار و هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی پڕۆژەکە کاربکات.
– پیشاندانی ئەزموونی پێشینە لە دەستپێشخەری کردن، چارەسەرکردنی کێشە، و توانای گونجاندن.
– توانای زمانەوانی نایاب (ئاخافتن و نووسین) لە زمانی کوردی دا (زانینی زمانی عەرەبی چانسی وەرگرتن زیاد دەکات).
– توانای هەڵسوکەوتکردنی ڕێزدارانە و هاوکاریانە لەگەڵ ئەندامانی تری پڕۆژەکە و خاوەن بەرژەوەندی و هاوبەش و هاوکارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی پڕۆژەکە.

تێبینی و مەرجەکان
ئەم پۆستە (هەلی کارە) فول تایمە (٥ کاتژمێری کارکردن لە ڕۆژێکدا) بۆ ماوەی ١٢ مانگ (١ ساڵ)، وە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەم دا ئەدائی کارکردنی پێشکەشکارە سەرکەوتوەکە لەژێر هەڵسەنگاندن دایە. پۆستەکە لە بەرواری ١/١٠/٢٠٢٠ ەوە دەست پێدەکات و تا ٣٠/١٢/٢٠٢١ بەردەوام دەبێت. لەبەر سروشتی کارەکانی پڕۆژەکە و جیاوازی کات لە کاتی چالاکیە نێودەوڵەتیەکان، هەندیک جار وا پێویست دەکات کە توێژەرەکە/پۆست دکتۆراکە کار لە کاتژمێرەکانی دوای دەوامی فەرمی و پشووەکان دا بکات، بەڵام دەتوانرێت کاتی ئەوکارانە بەکاربهێنرێت بۆ پڕکردنەوەی کۆی کاتژمێرەکانی کارکردن لە پڕۆژەکەدا لە کاتی دەوامی ئاسایی دا.
ئەم بانگەوازە ئەرکەکانی پێشکەشکارە سەرکەوتووەکە بەشێوەیەکی گشتی دیاری دەکات بۆ پێدانی وێنەیەکی گشتی دەربارەی سروشت و ئاستی ئەرکەکانی توێژەر/پۆست دکتۆراکە. هەندێک ووردەکاری کارەکان بەپێی پێویستی پڕۆژەکە لە کاتێکەوە بۆ کاتێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام کاتژمێر و وێنەی سەرەکی ئەرکەکان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

پێشکەش کردن
ئارەزوو ماندانی ئەم هەلە دەتوانن لەڕێگەی ئیمەیڵەوە گشت ئەم داواکاریانەی خوارەوە بنێرن بۆ ئیمەیڵی dch@spu.edu.iq
– سی ڤی تەفسیڵی پێشکەش کار کە لیستی بڵاوکراوە ئەکادیمیەکانیشی لە خۆی بگرێت.
– دوو نموونەی نووسینی ئەکادیمی یان توێژینەوەی بڵاوکراوە بە زمانی ئینگلیزی.
– یەک لاپەڕە نامەی ئارەزوومەندێتی بە زمانی ئینگلیزی کە تیای دا پێشکەشکار باس لە توانای توێژینەوەی نێوپسپۆڕی لە کەلەپووری کولتووری دیجیتاڵی و خاڵە بە‌هێزەکانی خۆی و گونجاندنی بۆ ئەم پۆستە (هەلی کارە) ڕوون بکاتەوە.

دوا بەروار بۆ پێشکەش کردن ڕۆژی سێشەممە بەرواری ١٥/٩/٢٠٢٠ ە. تەنها پاڵێوراوە هەڵبژێردراوەکان پەیوەندیان پێوەدەکرێت بۆ چاوپێکەوتن.