زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستپێكی ساڵی نوێ ی خوێندنی ڕاگه‌یاند

  • 2020-10-02
  • 4006 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستپێكی ساڵی نوێ ی خوێندنی ڕاگه‌یاند

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌مه‌به‌ستی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی خوێندن بۆ ساڵی نوێ ی 2020-2021 ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

مامۆستایان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌رانی زانكۆ
ساڵی نوێ ی خوێندنی 2020-2021 له‌ خۆمان و ئێوه‌ی خۆشه‌ویست پیرۆز ده‌كه‌ین، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن بۆ ئه‌مساڵ پێویستی به‌ خۆئاماده‌كردنێكی ته‌واو هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت خۆپارێزییه‌كی دروست په‌یڕه‌وبكرێت به‌ئامانجی پاراستنی گیانی هه‌موولایه‌ك له‌ په‌تای كۆڤید 19 كه‌ له‌ئێستادا به‌ڕۆكی هه‌رێمی كوردستان وهه‌موو جیهانی گرتووه‌ .
گومانی تیادانیه‌ ژیان و ته‌ندروستی مامۆستایان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌رانمان له‌هه‌موو شتێك گرنگتره‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت و نابێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئاسته‌نگێك چۆك دابده‌ین و ساڵێكی خوێندن به‌به‌رچاومانه‌وه‌ به‌فیڕۆبڕوات. پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و به‌ ڕه‌چاوكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌گشت ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵاو دابینكردنی سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی خۆپارێزی.
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆو وه‌رگرتنی ڕاوبۆچوونی ڕاگره‌ به‌ڕێزه‌كان و (ئەنجومەنى كۆلێج و پەيمانگاكان ) بڕیاریدا به‌ ده‌سپێكی خوێندنی ئه‌مساڵ 2020-2021 به‌شێوازی خوێندنی ئاوێته‌ (ناوكه‌مپه‌س+ئه‌لیكترۆنی) وانه‌ وانه‌ تیۆرییه‌كان به‌ ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت و وانه‌ پراكتیكییه‌كانیش له‌ناو كه‌مپه‌س به‌ڕێوه‌ده‌چن.
*پێویسته‌ له‌ يەكەم ڕۆژى دەستپێكردنى پرۆسەى خوێندن، بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بەشه زانستيەكان پەيوەندى بكەن به خوێندكارانەوە بۆ ئامادەكارى .
*بۆ ماوەى چوارهەفته خوێندنى ئەلیكترۆنى دەبێت وه دوو هەفته خوێندنى پراكتيكى له تاقيگەكان و هۆڵەكانى خوێندن دەبێت، بەپێى ڕێنماييەكانى تەندروستى و خۆپارێزى ، دەسەڵات دراوه به كولێج و پەیمانگاکان وبەشى زانستى بۆ شێوازي بەڕێوەبردن و ئەنجامدانى پروسەكه .
* پێویستە موچه و موسته‌حه‌قاتی دارایی مامۆستا دابین بکرێت لە کاتی خۆی و هەروەها سه‌ربه‌خۆیی بدرێت بە زانكۆكان وده‌سه‌ڵاتى کارگێری ودارايی بدرێت بە زانکۆ.
*كردنه‌وه‌ى به‌شى ناوخۆيی به پێى ڕێنمايی وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی ده‌بێت ودابینكردني پێداويستی سووته‌مه‌نى و پاك و خاوێنى و جێبه‌جى كردنى ڕێنمايی ته‌ندروستى به پێى پلانى خوێندنى ئاوێته له به‌شى زانستى و پێويستى گه‌رانه‌وه‌ى خوێندكار بۆ ناو كه‌مپى زانكۆ و به‌شى ناوخۆیی ، ده‌رگاى زانكۆ كراوه ده‌بێت بۆ مامۆستايان و خوێندكاران بۆ ئاماده‌كارى بۆ پرۆسه‌كه و كتێبخانه و سه‌نته‌رى كۆمپيوته ر به‌پێى پێويست ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها چالاكى زانستى بەردەوام دەبێت به‌پێى ڕێنمايه‌كانى ته ندروستى.
داوا لەسەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکان بەسەرجەم بەشە زانستییەکانیانەوە دەکەین کە پەیوەندی بە گشت مامۆستایان و خوێندكارانەوە بکەن له‌ ڕۆژی (یه‌كشه‌ممه‌ 4 ی تشرینی یه‌كه‌می 2020) به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندنی ساڵی نوێ.
هیوای سه‌ركه‌وتن و ته‌ندروستییه‌كی باش بۆ هه‌موولایه‌ك ده‌خوازین . ‌
ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی
2ی تشرینی یه‌كه‌می 2020