سێنتەرەکانى یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکانى کوردستان پەرەیان پێدەدرێت

  • 2020-10-06
  • 140 Views
سێنتەرەکانى یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکانى کوردستان پەرەیان پێدەدرێت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند سێنتەرەکانى یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکانى کوردستان کار بۆ تێکهەڵکێشکردنى خوێندنى جێندەرى بە بوارى ئەکادیمى دەکات  و لە نزیکەوە پرۆگرامى کاروبارى ژنان و سیاسەتى جێندەرى ئاراستەو تاوتوێدەکات.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. نەزەند بەگیخانى ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێم بۆ کاروبارى یەکسانى جێندەرى و خوێندنى باڵا.

لە کۆبونەوەیەکدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى باڵاى یەکسانى جێندەرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیبون، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پلان و بەرنامەى کارى وەزارەت کرد بۆ دیدگاى یەکسانى جێندەرى و ئەو کارو چالاکییانەى لە سێنتەرەکانى یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکان دەکرێت خستەڕو، بەو پێیەى پرسى یەکسانى جێندەرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا جێگەى بایەخ و گرنگیە. بۆ ئەمەش پشتیوانى تەواوى بۆ کارەکانیان خستەڕو.

لەلایەن خۆشیەوە د. نەزەند بەگیخانى ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێم بۆ کاروبارى یەکسانى جێندەرى و خوێندنى باڵا ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ هاوکاریکردنى لێژنەى وەزارەت و سێنتەرەکان جێندەر لە زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێنتەرەکان و دانانى بەرنامەو پلان بۆ پێشخستنى ئاستى خزمەتەکانى ئەم سێنتەرانەو ئاراستەکردنیان بەرەو سیاسەتى گونجاو و ئامانجدار لە بوارى جێندەرى.

لە بەرامبەریشدا هەریەک لە ئەندامانى لێژنەى باڵاى یەکسانى جێندەرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاپۆرتێکدا تەواوى ئەو کارو پرۆژانەیان خستەڕو کە لەماوەى ڕابردو پێشکەش کراون بەتایبەت ئەو چالاکییانەى دواى دامەزراندنى سێنتەرەکانى یەکسانى جێندەرى لە زانکۆکان پێشکەش کراون.