خولێكى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى كارگێرى له‌ ده‌زگا حكومیه‌كاندا له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ به‌رێوه‌چوو

  • 2015-06-09
  • 516 Views
خولێكى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى كارگێرى له‌ ده‌زگا حكومیه‌كاندا له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ به‌رێوه‌چوو

ئاشناكردنى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رپرسیارانه‌ و به‌ پێى یاسا كارگێریه‌كان بابه‌تى خولێكى یه‌ك رۆژه‌ بوو كه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى سه‌نته‌رى راهێنان ئه‌مرۆ سێ شه‌مه‌ له‌ هۆڵى پیره‌مێرد له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێَمانى رێكیخست.

له‌و خوله‌دا كه‌ بۆ 31 به‌شداربوو له‌ فه‌رمانبه‌ر نوێیه‌كانى زانكۆ رێكخرابوو،به‌ مه‌به‌ستى ئاشناكردنیان به‌ باشترین شێوازه‌كانى مامه‌ڵه‌كردنى كارگێرى و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنى یاساو رێنمایه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ پێویسته‌ فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى پێوه‌ى پابه‌ند بن.

خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن كاوه‌ حه‌مه‌صالح پسپۆر له‌ كارگێرى و بازارى كار پێشكه‌شكرا ،ئاماژه‌ى به‌ گرنگى هۆشیارى فه‌رمانبه‌ر كرد سه‌باره‌ت به‌ پاراستنى مافى خۆى و مافى هاوڵاتى،له‌ كاتى رایكردنى مامه‌ڵه‌كارگێریه‌كانیاندا”ئه‌وه‌ى وت”تایبه‌تمه‌ندى كاركردنى وه‌زاره‌ته‌كان جیاوازه‌و پێوسته‌ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى گواستنه‌وه‌ى راژه‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ وه‌زاره‌تێك بۆ وه‌زاره‌تێكى دیكه‌ى حكومه‌ت ئاگادارى یاساو رێنماى وه‌زاره‌ته‌ نوێیه‌كانیان بن،كه‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م خول و سیمناره‌ كارگێریانه‌ به‌شێكه‌ له‌و هه‌وڵه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئه‌نجامى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌ نوێیه‌كان به‌ یاساو رێنمایه‌كان ئاشنا بكات ،به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاَو توێژینه‌وه‌ى زانستى خزمه‌تگوزارى فێركردن به‌ هاوڵاتیان پێشكه‌ش ده‌كات هه‌ربۆیه‌ كاركردنى جیاوازه‌ له‌ وه‌زاره‌تێكى دیكه‌ى حكومه‌ت”پاشان صبریه‌ كریم به‌رێوبه‌رى كارگێرى له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌ بایه‌خى ئه‌م خول و وانه‌ كارگێریانه‌ كرد بۆ فه‌رمانبه‌ره‌ نوێیه‌كان و ئه‌وه‌ى راگه‌یاند “پێوسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌ران هۆشیارى یاساییان هه‌بێت تا مافى خۆیان پارێزراوبێت و مافى هاوڵاتیانیش پێشێل نه‌كه‌ن”جێى ئاماژه‌یه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى سه‌نته‌رى راهێنان به‌رده‌وامه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى خولى فێركارى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌ تایبه‌ت بۆ فه‌رمانبه‌رانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆو كۆلێج و په‌یمانگاكان.