ڕێکارەکانى خۆتۆمارکردن بۆ خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا درێژدەکرێتەوە

  • 2020-10-22
  • 448 Views
ڕێکارەکانى خۆتۆمارکردن بۆ خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا درێژدەکرێتەوە

لە پێناو بەرژەوەندی گشتى وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، لەسەر بڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەسەڵات درا بە زانکۆکان بۆ درێژکردنەوەى رێکارەکانى خۆتۆمارکردن بۆ پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لەم بارەیەوە م.سەرتیپ خالص- بەرێوەبەرى خوێندنى باڵا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند: ئەمرۆ چوارشەممە ئەنجامى کۆتایی تاقیکردنەوەى زارەکى سەرجەم زانکۆ حکومیەکان لە لایەن وەزیرى خوێندنى باڵا پەسەند کراو و ئاراستەى زانکۆکان کرا بۆ مەبەستى راگەیاندن و بڵاوکردنەوەى لەسەر وێبساتى فەرمى زانکۆکان، هەروەها بەهۆى دواکەوتنى ڕێکارەکانى پڕۆسەى خۆتۆمارکردن بۆ وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا کە تاقیکردنەوەى توانستى زانستی زارەکیان ئەنجام دا بو نەیانتوانیوە مامەڵەى خۆتۆمارکردن لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن و هەروەها بە هۆى هەبونى سستى بەڕێوەچونى کاروبارەکانى وەرگیراوان لە هەندێک دامودەزگاکان لە شارە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان و لەسەر داواى ژمارەیەکى زۆر لە وەرگیراوان کە لە ماوەى رابردو رێکارەکانى خۆتۆمارکردنیان تەواو نەکردبو و پاڵپشت بە ڕەزامەندی وەزیرى خوێندنى باڵا، دەسەڵات درا بە سەرۆکایەتى زانکۆکان بۆ مەبەستى درێژکردنەوەى پڕۆسەى ڕێکارەکانى خۆتۆمارکردن لە ڕێکەوتى (٢٢-١٠-٢٠٢٠) تاوەکو کۆتایی دەوامى فەرمی رێکەوتى (٢٨-١٠-٢٠٢٠) بۆ وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان و لێرەدا دەستپێکى خوێندنى ئەکادیمی دەبێتە رێکەوتى (١-١١-٢٠٢٠).

بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژەى دا کە ئەم درێژکردنەوەیە دوایین درێژکردنەوەیەوە و پێویستە گشت وەرگیراوان گشت مامەڵەکانى خۆتۆمارکردن لە ماوەى دیاریکراو ئەنجام بدەن بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیارن.