وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەمساڵ کورسى پێویستى بۆ (١٠٠%)ى دەرچووان دابینکردووە

  • 2020-11-01
  • 435 Views
وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەمساڵ کورسى پێویستى بۆ (١٠٠%)ى دەرچووان دابینکردووە

بۆ یەکەمجار لەمێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەی ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخاندەکات. بۆ ئەمەش لەئێستادا (٨٧%) دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بەپڕکردنەوەى کورسییە بەتاڵەکانیش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (١٠٠%).

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/١١/١ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا د.خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بەوەکالەت و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، وردەکارى و داتاى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەهەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاند.

لەبارەى دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ناوى دەرچووان د.خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: بەو هۆیەى پرۆسەى وەرگرتن پڕۆسەیەکى وردو تەکنیکییە، لەلایەکى دیکەشەوە ئەمساڵ لە بارودۆخێکى تەواو جیاواز هەم تاقیکردنەوەکان هەمیش پرۆسەى خوێندن بەڕێوەچوو ئەویش بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆناو ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن لە بەشێکى ساڵى ڕابردوو لە ناوەندەکانى خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەسەر هێڵ بووین و ئەمڕۆش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین. بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاسى وەزارەتى پەروەردەو تەواوى زانکۆکانى کوردستان بکەین.

لەبارەى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، د.خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: لەسەر راسپاردەى بەڕێز د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەمەبەستى ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن و زیادکردنى کورسى خوێندن بۆ دەرچووان، چەند جارێک پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووان زیادکرا، لەو پێناوەشدا بۆ یەکەمجارە لە مێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان پلانى وەرگرتن بۆ (٥٦٨٠٤) کورسى زیادکرا، ئامانج لە زیادکردنى پلانیش رەخساندنى زۆرترین دەرفەت بوو بۆ پێشکەشکاران.

بۆ ئەمەش ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، دواى ڕاگەیاندنى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى (٥٤٣٩٦) دەرچوو داواکاریان پێشکەشکرد جگە لەوەش (٥٣٠٢) دەرچووی ساڵانى ڕابردووش داواکارییان پێشکەشکرد. لەئەنجامدا (٤٧١٧٦) دەرچوو کە دەکاتە ڕێژەى (٨٧%) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران لەئێستادا.

وتیشى: (٧١١٨) دەرچوو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراوان کە ڕێژەکەیان بریتییە لە (١٣%). لەهەمان کاتیشدا (٨١١٩) کورسى بەتاڵ ماوتەوە، بۆیە ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیستمەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لەڕۆژى سێشەممەوە کارا دەکرێت، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسەیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە، دواى تەواوبوونی ئەم پرۆسانەش ڕێژەى وەرگرتن هاوشێوەى ساڵى ڕابردوو دەبێتە (١٠٠%).