ژمارەیەک خوێندکاری سەرکەوتووی زانکۆ خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانیان پێبەخشرا

  • 2020-11-02
  • 597 Views
ژمارەیەک خوێندکاری سەرکەوتووی زانکۆ خەڵات و بڕوانامەی رێزلێنانیان پێبەخشرا

دوای ئەوەی خوێندكارانی بەشی ئەندازیاری گەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە خولێكی ڕاهێنان و تاقیكردنەوەی كۆمپانیای هواویدا پلەی یەكەمیان لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەستهێنا، ئەمڕۆ رێکەوتی ٢٠٢٠/١١/٢ لە سەرۆکایەتی زانکۆ، پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەئامادەبوونی پ.د.سۆران ئەبوبەکر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و د.عەتا شێخ کەریم راگری کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری پێشوازیکرد لەو خوێندکارانە و بڕوانامەی رێزلێنان و دیاری زانکۆ و کۆمپانیای هواوییان پێبەخشین.

لای خۆشیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستخۆشی لە خوێندکارەکان کرد و ئاماژەی بەوەکرد خۆشحاڵین بە بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە گەورەیە كە لە خولێكی نێودەوڵەتی ڕاهێناندا کە خوێندکارەکانمان بەدەستییان هێناوە كە ئەمەش دەرخەری تواناو هەوڵەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە بۆ پێگەیاندنی كادیری لێهاتوو شارەزا بۆ نێو بازاڕی كارو دەزگا حكومی و ناحكومییەكان كە بێگومان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هاندەدات زیاتر كاربكەین بۆ هێشتنەوەی ئەو ئاستەبەرزەی خوێندن و فێركردن لە زانكۆكەدا بەئامانجی خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، هەروەها هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن و هەموو پشتیوانییەكی ماددی و معنەوی بۆ دووپاتکردنەوە.

لەپاش ڕێككەوتننامەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كۆمپانیای هواوی كە ساڵی رابردوو واژۆكرا، كۆمپانیای ناوبراو داوایەكی فەرمی ئاراستەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ ناردنی چەند خوێندكارێكی ئاستبەرز لەبواری ئەندازیاری گەیانددا بەمەبەستی بەشداری لە خولێكی ڕاهێنانی تایبەتی كۆمپانیاكە ، لەدوای بەشداری لە خولەكە و تاقیكردنەوە لەسەر ئەو بابەت و پرۆگرامانەی كە خوێنراون تاقیكردنەوە ئەنجامدراو لە ئەنجامدا خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاستێكی بەرزو نمونەییان پێشكەشکرد و پلەی یەكەمی خولەكەیان بەدەستهێنا.