كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك زانكۆی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌ڕله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو

  • 2020-11-04
  • 170 Views
كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان ژماره‌یه‌ك سه‌رۆك زانكۆی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌ڕله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی بیروڕاكان و گه‌یاندنی كێشه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان به‌ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌ڕله‌مانی عێراق، كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی زانكۆكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4 ی تشرینی دووه‌می 2020 سه‌رۆكی زانكۆكانی ( پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان،چه‌رموو، كۆمار،جیهان) له‌گه‌ڵ د. مفدام الجمیلی- سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، و تەها حەمەد، بڕیاردەری لیژنەكەو مامۆستا مەریوان نادر كۆبونه‌وه‌و چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ له‌سه‌ر خوێندنی باڵا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌كۆبوونەوەكەدا كه‌ له‌زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو باس لە بەستنی كۆنفرانسێكی زانستی گەورە كرا لە شاری سلێمانی بۆ سەرجەم زانكۆكانی عێراق بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و  زانكۆكانی عیراق.

دواتر باسی یاسای یەكسانكردنی بڕوانامەكان و هەمواركردنەوەی كرا بۆ هاوكاریكردنی دەرچووانی خوێندنی باڵا لەگەڵ پاراستنی ئاستی خوێندنی باڵا لەوڵاتدا، هەروەها باس لە هەوڵەكان كرا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵا كرا لەسەرجەم زانكۆكانی عیراق.
هەریەك لە بەڕێزان د. ئالان فەرەیدون علی ئه‌مین سەرۆكی زانكۆی پۆڵەتەكنیكی سلێمانی، د. ڕه‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی ، د. صلاح الدین سعید سەرۆكی زانكۆی كۆمار، د. مهاباد كامل سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە، د. صلاح رەزا سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ، د. ئومێد رفیق سەرۆكی زانكۆی جیهان، د. فەرهاد قادر سەرۆكی زانكۆی گەرمیان وێڕای به‌خێرهاتن و خۆشسحاڵیان به‌كۆبونه‌وه‌كه‌ باسیان لە زانكۆكانیان كرد، و كێشەو سەرنجەكانیان خستەڕو و گفتوگۆیان كرد بە مەبەستی چارەسەركردنی و پێشخستنی ئاستی زانستی و توێژنەوە لەسەرجەم زانكۆكاندا. وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌بوو.