زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە چەندین کتێب بەشدارە لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب

  • 2020-11-22
  • 445 Views
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە چەندین کتێب بەشدارە لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب

لە درێژەی چالاکییەکانیدا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب لە بوارەکانی ( ئەندازیاری، تەندروستی، کارگێڕی، ئینفۆرماتیک و میدیا و هتد… ) کە لەسەر ئەرکی زانکۆ خۆی چاپکراوە بەشداریکردووە لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی.

لەو بارەیەوە م.ئارینا مستەفا سەرپەرشتیاری گۆشەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە دووەمین پێشانگای نێودەڵەتی کتێب بە سایتی زانکۆی راگەیاند: وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەسەر بڕیاری پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆ بەشداریمان کردووە لەم پێشانگا نێودەوڵەتییەدا کە چەندین کتێبی مامۆستیانمان لە بوارەکانی ( ئەندازیاری، تەندروستی، کارگێڕی، ئینفۆرماتیک و میدیا و هتد… ) کە لەسەر ئەرکی زانکۆ چاپکراوە بەردەستە، خوێنەرێکی زۆر سەردانمان دەکەن و داخوازیی لەسەر کتێبەکان لە ئاستێکی باشدایە.

م.ئارینا مستەفا ئاماژەی بەوەکرد بەشێوەیەکی گشتی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا زۆر سەردانمان دەکەن و خواست لەسەر کتێبەکانی خوێندن زۆرە بۆیە خۆشبەختانە ئەو کتێبانەی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆمانەوە نووسراون سوودێکی گەورە بەو خوێندکارانە دەگەیەنێت.

سەرپەرشتیاری گۆشەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە دووەمین پێشانگای نێودەڵەتی کتێب وتی: ئێمە لە تیمێکی حەوت کەسی پێکهاتووین و رۆژانە لە کاتژمێر ١:٠٠ی بەیانییەوە تاکو کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە پێشوازی لە میوانان و خوێنەران دەکەین، ئومێدەوارین بتوانین لە ئاست داواکانی ئەواندا بین.

رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/١١/١٨ دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی کرایەوە کە ماوەی (١٠) بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بەیانی بۆ کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە پێشوازی لە میوانان و خوێنەران دەکات.