لە مەراسیمێکی شایستەدا پێشوازیکرا لە خوێندکارانی ساڵی نوێی خوێندن

  • 2020-12-07
  • 687 Views
لە مەراسیمێکی شایستەدا پێشوازیکرا  لە خوێندکارانی ساڵی نوێی خوێندن

رۆژی یەکشەممە (٦ / ١٢ / ٢٠٢٠) لە مەراسمێکی گونجاودا بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرمانتیکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەبەرنامەیەکی گونجاو و بەهاوکاری کۆمەڵەی خوێندکاران لقی زانکۆکان پێشوازیکرد لە خوێندکارانی قۆناغی یەک بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠ – ٢٠٢١).

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا (د.ڕوناک محمد عبداللە)ڕاگری کۆلێج بە وتەیەک بەخێرهاتنی خوێندکارانی کردو ئومێدی خواست کە لەماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بە پەتای کۆرۆنا بێت و تا بتوانرێت وەک پێشتر سەرجەم وانەکان لەناو هۆڵەکان و تاقیگەکاندا درێژەی پێبدرێت، پاشان (م.میران بەیان) یاریدەدەری ڕاگر بە وتەیەک پێشوازی لە خوێندکارانی کۆلێج کرد .

هەر لە مەراسیمەکەدا (م.گۆران محمد ) لە هۆبەی یاسایی کۆلێج بە سیمینارێک ئەرک و مافی خوێندکارانی لە زانکۆدا ڕوونکردەوە و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە خوێندکار پێویستە زانکۆکەی بەماڵی دووەمی خۆی بزانێت و بەرپرسیار و یاریدەدەر بێت بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ.

پاشان (م.تحسین علی محمد ) سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای داتابەیس بە سیمینارێک (سیستمی بۆڵۆنا)ی بۆ خوێندکارە وەرگیراوەکان ڕوونکردەوە کە لەئێستادا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت لە نێویشدا کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک کە بۆ ماوەی سێ ساڵە بەم سیستمە دەخوێنن، پاشان تیشکی خستەسەر گرنگی ئەو سیستمە و جیاوازی لەگەڵ سیستمی ساڵانە ، هەروەها ڕوونیکردەوە چۆن خوێندکار سوودمەند دەبێت لەڕێی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ئەکادیمی خوێندکار بەتایبەت کە خوێندن تەواو دەکات هۆکارێک دەبێت بۆ دۆزینەوەی کار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.

دواتر وتەی بەخێرهاتنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لەلایەن خوێندکار (پێشەوا محمد ) پێشکەش بە خوێندکاران کراو ئومێدی سەرکەوتنی بۆ خواستن ، پاشان بە سیمینارێک شێوازی پەیوەندیکردنی خوێندکارەکان بە کلاسە ئەلکترۆنیەکان و وەرگرتنی وانەکان و چەندین زانیاری تری پێویست و گرنگ بۆ خوێندکارەکانی ڕوونکردەوە .

هەر لە مەراسیمەکەدا سەرۆکی بەشەکان و بڕیاردەر و پۆلێک لە خوێندکارەکانی قۆناغاکانی تری بەشەکانی کۆلێج سەرجەم هۆڵ و تاقیگە و کتێبخانە و کافتریا و بەشە کارگێڕی و زانستیەکان و تۆمار و ڕاگەیاندن و بەشەکانی تری کۆلێج بە خوێندکارانی تازەوەرگیراو ئاشناکران.