خوێندکارێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە پێشبرکێی کۆمپانیای هواوی جیهانی کە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێکخرابوو، پلەی دووەمى لەسەر ئاستی روژهەڵاتى ناوەراست بەدەستهێنا و بەنوێنەرایەتی تیمی عێراق بۆ بەشداریکردن لەپێشبڕکێی جیهانی Huawei ICT کە بڕیارە ساڵی ئایندە بەڕێوەبچێت، دەستنیشانکرا.
رۆژی 26-12-2020 پێشبڕکێی کۆمپانیای هواوی جیهانی بەشێوەی ئۆنلاین لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبەشداری (١٣) تیم لە (١١) وڵات بەڕێوەچوو، تێیدا بۆ ماوەی ٧ کاتژمێرو لەتاقیکردنەوەیەکی ئۆنلایندا خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (بیلال محەمەد حامد ) لەبەشی نێتوەرک لە کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک پلەی دووەمى لەسەر ئاستی روژهەڵاتى ناوەراست بەدەستدەهێنا و هەڵبژێردرا بۆ نوێنەرایەتی تیمی هەڵبژاردەی عێراق، لەگەڵ دوو خوێندكارى ديكه لەزانکۆکانی سەڵاحەدین و موسڵ، بەو ئەنجامەش تیمی عێراق سەرکەوت، بۆ بەشداریکردن لەپێشبڕکێیەکی جیهانی وەکو نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەی دیکەی زانستى نێودەوڵەتى زانکۆمانە.
لەبەرامبەردا سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پڕبەدڵ پیرۆزبايى لەسەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانى کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆرماتیک و تەواوی خوێندکارانی زانکۆ دەکات، بەتايبەتى بەشى نێتوەرک و خوێندکاری ناوبراو، وە هيواى سەلامەتى و تەندروستى باش بۆ هەموولايەك دەخوازێت و هەموو پشتیوانی و هاوکارییەك بۆ خوێندکارانی زانکۆ دووپاتدەکاتەوە.
شایەنی باسە بەبەشداری زیاتر لە ( 15000 ) خوێنکار لە ( 400 ) زانکۆی جیاواز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبڕکێی هواوی بۆ تەکنۆلۆجیا و زانیاری Huawei ICT Competition ME 2020 بەڕێوەچوو، لەعێراق 963 خوێندكار لە 25 زانکۆ بەشداربوون لەپیشبڕکێکەدا، دوای دوو تاقیکردنەوە ( 3 ) خوێندکار سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، وەکو تیمی عێراق، لەگەڵ وڵاتانی ئوردن و لوبنان و وڵاتانی کەنداو و پاکستان، لەپێشبڕکێی کۆتاییدا 13 تیم بەشداربوون، کە نوێنەرایەتی ( 10 ) وڵاتیان دەکرد، تیمی عێراق کە پێکهاتبوون لەخوێنکاران (بیلا مەحەمەد حامد لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ابراهیم عمر ابراهیم لەزانکۆی سلاحەدین، حارث محمود/ زانکۆی موسڵ) توانیان پلەی دووەمی پێشبڕکێکە بەدەستبهێنن لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیمی عێراق بەشداربێت لەپێشبڕکێی جیهانی Huawei ICT کە بڕیارە مانگی 5ی 2021 بەڕێوەبچێت.