وەزیرى خوێندنى باڵا: بە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەچێت

  • 2021-01-10
  • 152 Views
وەزیرى خوێندنى باڵا: بە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەچێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى لێژنەیەکى باڵاوە کاردەکات بۆ نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا و بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەى لیژنەکە بە ئامادەبوونى یاریدەرەى سەرۆک زانکۆکان ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠٢١) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە کارى لیژنەى نووسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان کردو ڕایگەیاند: بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانەو، لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و یەکەکان و ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و ستانداردکردنی ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانمان دەدرێن.

د. ئارام محمد قادر وتیشى: بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچووان، له‌هه‌مان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بەمەبەستى گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین، وتیشى: جێگەى خۆشحاڵییە کە یەکێتى ئەوروپا پشتیوانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ یەکێتى ئەوروپا گرانتى (ئیراسمەس پڵەس)ى بۆ پشتیوانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس بەدەستهێناوە.

لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە ڕاوێژکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان، هەڵسەنگاندنى پێویستیان بۆ کارەکانى لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کرد، بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئامادەکارى پێویست بکرێت بەمەبەستى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى لە نێوان زانکۆکان لەبارەى بۆلۆنیا پرۆسێس و ئەنجامدانى ئاڵوگۆڕى زانستى لە نێوان زانکۆکان بۆ دەوڵەمەندکردنى تێگەیشتنەکان لەبارەى جێبەجێکردنى پرۆسەکە.