زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى یادى كاره‌ساتى شه‌نگال ده‌كاته‌وه

  • ئاب 3, 2015
  • 324 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى یادى كاره‌ساتى شه‌نگال ده‌كاته‌وه

بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی قوربانیانی كاره‌ساتی شه‌نگال، هاوشانی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی شه‌نگالدا، به‌ئاماده‌بونی سه‌رۆكى زانكۆ ‌و یاردیده‌ران ‌و فه‌رمانبه‌رانى سه‌رۆكایه‌تیمان، وه‌ك وه‌فایه‌ك و رێزگرتنێك بۆ گیانی قوربانیانی كاره‌ساتی شه‌نگال بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك وه‌ستاین ‌و هاوخه‌می و سه‌ره‌خۆشیی خۆمان بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان و جینۆسایدكراوانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌ربڕی.

رۆژى 3ى ئابى ساڵى رابردوو رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هێرشیان كرده‌سه‌ر ناوچه‌ى شه‌نگال ‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریی به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت ‌و چه‌ندین هاوڵاتى مه‌ده‌نیان كوشت ‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی سنوره‌كه‌یان به‌ تایبه‌ت له‌ كوردانی ئێزدی جینۆساید و ده‌ستگیركرد و به‌ هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شیان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر كرد، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى له‌و رۆژه‌وه‌ بازرگانیان به‌ سه‌دان كچ ‌و ژنى ئێزدییه‌وه‌ كردووه‌.

جێى ئاماژه‌یه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆش مامۆستایان ‌و فه‌رمانبه‌رانى سه‌رجه‌م كۆلێژ ‌و په‌یمانگه‌كانى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وه‌ك رێزگرتنێك له‌ قوربانیانى ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ به‌ وه‌ستانیان بۆ چه‌ند خوله‌كێك یادى ئه‌و كاره‌ساته‌یان به‌رزڕاگرت.

هـ. ك