وەفدێكی زانكۆیەكی ئەڵمانی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیان كرد

  • تشرینی یه‌كه‌م 10, 2015
  • 402 Views
وەفدێكی زانكۆیەكی ئەڵمانی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیان كرد

رۆژی ٢٠١٥/١٠/٧ وەفدێكی باڵای زانكۆی “گۆتن”ی ئەڵمانی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیان كرد ‌و لەگەڵ سەرۆك ‌و نوێنەرانی زانكۆ كۆبوونەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا د. ئالان فەرەیدون كورتەیەكی لەسەر زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەش كرد.
دواتر وەفدی زانكۆی “گۆتن” قسەیان لەبارەی سەردانەكەیان بۆ شاری سلێمانی ‌و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد، چۆنیەتی كارەكانیان و پلانی سەردانەكەیان رونكردەوە. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م سه‌ردانه‌یان زیاتر فه‌راهه‌مكردنی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرایه‌‌ له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆی گۆتن و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ خوێند‌كاران و ده‌سته‌به‌ركردنی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌ نێوان مامۆستایانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی گۆتنی ئه‌لمانی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بیروڕا لە نێوان شاندی میوان و شاندی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاڵوگۆر كرا.
هه‌ر له‌ كۆبوونەوەكه‌دا باس لە كێشەی خوێندن ‌و خوێندكاران بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان كرا، كە خۆی لە نەبوونی شوێنی پێویست بۆ خوێندنی خوێندكاران ‌و نەبوونی هەلی كار دوای دەرچوونیان دەبینێتەوە، لە میانی گفتووگۆكاندا باس لە چارەسەركردنی كێشەی پەروەردە ‌و خوێندن لە هەرێمی كوردستان كرا ‌و پێشنیارەكانیش بۆ داهاتوو خرانه‌ڕوو.
قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان ‌و كاریگەری لەسەر رەوتی خوێندن لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو بۆ مه‌به‌ستی دانانی نەخشەڕێگایەك بۆ دەرچوونی زانكۆ لەم قەیرانەی ئێستا.
لە كۆتایدا واژووی (یاداشتنامه‌ی لێكتێگەیشتن) لە نێوان زانكۆی گۆتنی ئەڵمانی ‌و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرا، بۆ ناردنە دەرەوەی خوێندكار بۆ ئەو زانكۆیە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا، ئەمەجگەلەوەی ئەو زانكۆ ئەڵمانیە پسپۆڕی شارەزا بنێرێتە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ هاوكاریكردنی مامۆستایان ‌و خوێندكاران.
ئەم واژووه‌ وه‌ك ته‌واوكاری واژووی یه‌كه‌می یاداشتنامه‌كه‌یه‌ كە لەماوەی رابردوودا هەریەك لە د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی هەرێم ‌و د. پۆڵا خانەقا، سەردانی وڵاتی ئەڵمانیایان كرد ‌و لەگەڵ ئەو زانكۆیە یاداشتنامەیەكیان لە نێوان هەردولا ئیمزا كرد.