مامۆستایه‌كى په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانى وه‌ك باشترین پزیشكى جیهان هه‌ڵبژێردرا

  • 2015-10-23
  • 724 Views
مامۆستایه‌كى په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانى وه‌ك باشترین پزیشكى جیهان هه‌ڵبژێردرا

پزیشكێكی شاری سلێمانی، كه‌ مامۆستاى په‌یمانگه‌ى ته‌كنیكى سلێمانییه‌ له‌ پێشبڕكێیه‌كى له‌نده‌ن بۆ باشترین دكتۆر له‌ بواری (تیشك و سۆنه‌ری مه‌مك) توانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ كۆی 680 دكتۆر كه‌ له‌ وڵاته‌ جیا جیاكانی جیهانه‌وه‌ هاتبوون پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ پسپۆڕییه‌كانی ئێستاى، د. ئاڵا شاڵی، وتى: “ئێستا مامۆستا و سه‌رۆك به‌شی تیشك-م له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی سلێمانی و وه‌ك دكتۆرێكی خۆبه‌خشیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی له‌به‌شی ( M.R.I-Magnetic Resonance Imaging – پشكنینی موگناتیسی مه‌مك – تصویر رنین مغناطیسیة‌) و هاوكات له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فاروق-یش هه‌رچی كاری نه‌خۆشییه‌كانی تایبه‌ت به‌ مه‌مك هه‌یه‌ من كاری تێدا ده‌كه‌م”.

وتیشى: “له‌ساڵی 1999 كاتێك یه‌كه‌م ئامێری تیشك و سۆنه‌ری مه‌مك هاته‌ شاری سلێمانیه‌وه‌ له‌وكاته‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م و هه‌میشه‌ش له‌ هه‌وڵدابووم بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ پسپۆڕییه‌كه‌م”.

شاڵى باسى له‌وه‌شكرد، كه‌ “پسپۆڕی من له‌بواری ( M.R.I-Magnetic Resonance Imaging – پشكنینی موگناتیسی مه‌مك، تصویر رنین مغناتیسیه‌) له‌ بواری پشكنینی تیشك و سۆنه‌ری مه‌مكه‌”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چۆن به‌شداری ئه‌مجۆره‌ پێشبڕكێیانه‌ى كردووه‌، ئه‌و پزیكشه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: “له‌ساڵی (2011)ه‌وه‌ ئه‌ندامم له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ (نه‌خۆشی و پشكنینه‌كانی مه‌مك)، كه‌ هه‌ر ساڵه‌ و له‌ وڵاتێكدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و منیش ساڵانه‌ له‌سه‌ر حسابی خۆم وه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندێكم دووه‌مجاره‌ به‌شداری ئه‌م پێشبڕكێیانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ وڵاتانی نه‌مساو ئیتاڵیاو فه‌ره‌نسا و ئیسپانیاو له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی بریتانیا بۆ ئه‌مساڵی 2015 میوانداری ئه‌م پێشبڕكێ-یه‌ی كرد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ جیهاندا 680 دكتۆری پسپۆڕ له‌ بواری (تیشك و سۆنه‌ری مه‌مك) به‌شداری تێداكرد و منیش وه‌ك دكتۆرێكی كورد پله‌ی یه‌كه‌مم وه‌ك باشترین دكتۆر له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌ده‌ست هێنا”.

سه‌باره‌ت به‌و خه‌ڵاته‌ى وه‌رى گرتووه‌، د. ئاڵا شاڵی، وتى: “یه‌كێك له‌ خه‌ڵاته‌كان مینی پادێك بوو، كه‌ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو له‌ پشته‌كه‌یدا نوسینێك به‌شێوازی هه‌ڵكۆڵین، تێیدا نوسراوه‌ (كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وروپی بۆ 2015 براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌یه‌”.

راشیگه‌یاند: “ساڵی ئاینده‌ی 2016 له‌لایه‌ن فه‌ڕه‌نساوه‌ له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان بانگێشت كراوم بۆ به‌شداریكردن له‌ پێشبڕكێیه‌كی پزیشكی”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند داواى لێكراوه‌ له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ وه‌ك پزیشك كاربكات، ئه‌و خاتوونه‌ پزیكشه‌ وتى: “به‌ڵێبه‌ دڵنیایه‌وه‌، راسته‌وخۆ له‌ له‌نده‌ن داوایان لێكردم كه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێكار بكه‌ی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌توانی به‌رده‌وام بیت، به‌ڵام من وتم (ئاماده‌م له‌ وڵاتی خۆمدا خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی خۆم بكه‌م) و هاوكات ئێستاش به‌ خۆڕایی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی له‌به‌شی (M.R.I-Magnetic Resonance Imaging – پشكنینی موگناتیسی مه‌مك، تصویر رنین مغناتیسیه‌ ) كارده‌كه‌م”.

دووپاتیشى كرده‌وه‌: “هه‌میشه‌ وتوومه‌ به‌ته‌نها سوپاسی خوای گه‌وره‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م به‌هره‌یه‌ی به‌ من به‌خشی پاشان سوپاسی هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ یارمه‌تیده‌رم بووه‌”.

د. ئاڵا عه‌بدولقادر شاڵی له‌دایكبووی ساڵی 1962 شاری سلێمانییه‌ و هاوسه‌رگیریی كردووه‌ و خاوه‌نی سێ كچه‌، كه‌ ئێستا له‌ به‌شه‌ پزیشكییه‌كان ده‌وام ده‌كه‌ن و كچێكیشی حه‌وته‌م بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، باوكیشی له‌ساڵانی 1970 بۆ 1974 سه‌رۆكی به‌شی ته‌ندروستی ئه‌وكاتەی شاری سلێمانی بووه‌.