زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ هه‌وڵى واژۆكردنى یاداشتنامه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سكوڵی (MsM)ى نێودەوڵەتى

  • تشرینی یه‌كه‌م 29, 2015
  • 373 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ هه‌وڵى واژۆكردنى یاداشتنامه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سكوڵی (MsM)ى نێودەوڵەتى

پێنج مامۆستاى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌شدارى له‌ خولێكى راهێنانى سكوڵێكى نێودەوڵەتى ده‌كه‌ن، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانیش ده‌ڵێت: “له‌ هه‌وڵى واژۆكردنى یاداشتنامه‌یه‌كین له‌گه‌ڵ ئه‌و سكوڵه‌”.

جه‌مال كاك برا، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ‌و یه‌كێك له‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ به‌شدارى له‌ خوله‌كه‌دا كردووه‌، رایگه‌یاند: “حكومه‌تی هۆڵه‌ندا ساڵانه‌ زه‌مالاتی خولی راهێنانی هه‌یه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، كه‌ رێكخراوی (Nuffic) لێی به‌رپرسیاره‌، له‌و ریژه‌ی زه‌مالاته‌ش ساڵانه‌ چه‌ندین كاندید وه‌رده‌گیرێن له‌ عیرا ق و كوردستان”.

وتیشى: “ئه‌م زه‌مالاتی راهێنانه‌ ته‌نها تایبه‌ت نیه‌ به‌ زانكۆكان، به‌ڵكو بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی تریشه‌، پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی كاندیده‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای سكۆره‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوی (Nuffic) و كونسوڵیه‌تی هۆڵه‌ندا له‌ هەرێمى کوردستان و عیراق، له‌گه‌ڵ ئه‌و زانكۆیه‌ی كه‌ لێی وه‌رده‌گیرێیت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه‌ “ئه‌مساڵ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمى كوردستاندا نزیكه‌ی (10) كاندید وه‌رگیراون له‌ خولی جیاوازى ئه‌و وڵاته‌دا، خۆشبه‌ختانه‌ له‌و ژماره‌یه‌ (5) مامۆستای زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وه‌رگیراون له‌ خولی (e-governemnt) و (Research Methods and Skills “.

جه‌مال كاكه‌برا یه‌كێك بوو له‌و مامۆستایانه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌گه‌ڵ دوو مامۆستاى دیكه‌ى كۆلێجى ته‌كنیكى ئینفۆرماتیك و په‌یمانگای ته‌كنیكی چه‌مچه‌ماڵ-ى سه‌ر به‌زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، كه‌ له‌ خولی (e-governemnt) حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی له‌ سكوڵی Maastricht School of Management ، له‌ شاری (ماستریخت) وه‌رگیران، بۆماوه‌ی سێ هه‌فته‌ له‌ ماوه‌ی نێوان 5 تا 23 ى ئۆکتۆبەرى 2015

باسى له‌وه‌شكرد: “له‌ ماوه‌ی به‌شداریكردنمان له‌و خوله‌دا به‌ پێویستی سه‌رشانمان و فرسه‌تمان زانی كه‌ بتوانین سه‌رۆكی سكوڵه‌كه‌ ببینین ‌و بتوانین باس له‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كى لێكتێگه‌شتن بكه‌ین له‌گه‌ڵ زانكۆمان، بۆیه‌ وه‌ك نوێنه‌ری زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی بەڕێز (د.نورالدین ناصح قادر) داوامان له‌ سه‌رۆكی سكوڵی Maastricht School of Management به‌ڕێز (Prof. Wim Naudé)كرد بۆ مه‌به‌ستی دانیشتن له‌وباره‌یه‌وه‌و له‌ به‌رواری 21 و 22/10/2015 كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى سكوڵه‌كه‌ ئه‌نجامدا.

جه‌مال كاكه‌برا رونیشیكرده‌وه‌: “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆمان له‌سه‌ر هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی كرد له‌ نێوان Maastricht School of Management ‌و هه‌ردوو زانكۆ، به‌تایبه‌ت بۆ پێشكه‌شكردنی پرۆگرامی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردولادا بۆ به‌هێزكردنی مامۆستایانی زانكۆمان له‌و بوارانه‌ی ئه‌و سكوڵه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، به‌پێی پێویستی زانكۆ كه‌ پێویستى به‌ چ بوارێك هه‌بێت خولی پێویست ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ پێی رێككه‌وتن یان له‌ سكوڵی ناوبراو یان له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیك و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ده‌بێت”.

سكوڵی Maastricht School of Management ناوبانگێكی گه‌شه‌سه‌ندوی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر له‌ده‌سته‌یه‌ك له‌ ده‌رچووانی ئه‌م سكوڵه‌ له‌ كوردستانن و به‌تایبه‌تی له‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، كه‌ له‌ئێستادا پێنج له‌ مامۆستایانی ئه‌م سكوڵه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پرۆگرامی رێگاكانی توێژینه‌وه‌ و حكومه‌تی ئه‌لكترۆنی- دا به‌شدارن.

سكوڵی Maastricht School of Management له‌ سالی 2012 یادی 60 ساڵی خۆی گێڕا، دامه‌زراوه‌یكی سه‌ربه‌خۆیه‌ كه‌ له‌لاین بۆردێكی حكومی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت ‌و له‌ نوینه‌رانی پیشه‌سازی و حكومی و ئه‌كادیمی پێكهاتوون، ساڵانه‌ 17 پڕۆگرامی جیاواز پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ رێگای پرۆگرامی زه‌مالاتی هۆڵه‌ندییه‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئاسیا و رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، جگه‌له‌وه‌ش پرۆگرامی خولی راهێنان بۆ بڕوانامه‌ی (ماسته‌ر و دكتۆرا ) پێشكه‌ش ده‌كه‌ن .

به‌ڕێوبه‌رى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: “زانكۆمان له‌گه‌ڵ زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و ١٧ زانکۆى ترى جیهانى و ناوخۆیی‌ رێككه‌وتننامه‌ی لێكتێگه‌شتنمان هه‌یه‌ بۆ مه‌به‌ستی هاوكاری و چالاكی زانستی دوولایه‌نه‌ وە بە هیوایین بە زووترین کاتیش لەگەڵ سکولى ئاماژەثێدراودا یاداشتنامە واژۆبکرێت”.