زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دوو رۆژی كردە پشوو

  • كانونی یه‌كه‌م 21, 2015
  • 401 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دوو رۆژی كردە پشوو

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە20/12/2015، سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم دوو رۆژی وەك پشووی فەرمی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند ‌و سەبارەت بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە ‌و خوێندنی باڵاش ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەوان بە پێی خشتەی پشووەكانی خۆیان كار لەسەر ئەم پشووانە دەكەن و خۆیان دیاری دەكەن،دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنیش، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، هەردوو رۆژی چوارشەممە ‌و پێنجشەممەی داهاتووی كردە پشوو.
ئەمڕۆ سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند: “بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (دروودی خوای لێ بێت) ، بە هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و فەرمانبەر و كارمەندانی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنین كە رۆژی چوارشەمە 2015/12/23 كە دەكاتە رۆژی 12ی رەبیعولئەوەل، لەسەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا حكومیەكان پشووی فەرمیە
“. وتیشی: “هەروەها بە هاوڵاتیانی كوردستان و فەرمانبەرانی حكومەت رادەگەیەنین، رۆژی 2015/12/25 كە دەكاتە رۆژی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سەلامی خوای لێبێت)، و ئەگەرچی دەكەوێتە رۆژی هەینی و لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت پشووی فەرمیە، رۆژی پێنج شەمە 2015/12/24 ، دەبێتە پشووی فەرمی، ولەبارەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاشەوە، ئەوان بە پێی خشتەی پشووەكانی خۆیان كار لەسەر ئەم پشووانە دەكەن و خۆیان دیاری دەكەن”.
لەبارەی پشووەكانیشەوە، د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، رایگەیاند: “دوای راگەیاندنی دوو رۆژی پشوو لەلایەن حكومەتی هەرێم ‌و سەرپشكردنی وەزارەتمان لە كردن بە پشوو یان نا، دوای كۆبوونەوە ئەنجومەنی زانكۆمان بڕیاریدا رۆژانی چوارشەممە ‌و پێنجشەممەی داهاتوو واتە رۆژانی (23‌و 24/12/2015) لەسەرجەم كۆلێژ ‌و پەیمانگەكانی سەر بە زانكۆمان بۆ مامۆستایان ‌و خوێندكاران ‌و فەرمانبەران پشووی فەرمی بێت”.
هەر ئەمڕۆش عەباس ئەكرەم عومەر وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند: “وەزارەتەكەمان لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆژەكانی پشووی لە دەزگا و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەم شێوەیە دیاریكرد.
1. سەبارەت بەپشوی مامۆستایان و خوێندكاران، ڕایدەگەیەنین كە هەر زانكۆیەك پابەند دەبێت بە ساڵنامەی خوێندنی ئەكادیمی خۆی كە لەسەرەتای ساڵەوە دایناوە
2. بۆ پشوی فەرمانبەرانیش، ڕایدەگەیەنین كە پابەند دەبین بە پشوی ڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوە، واتە بەهەمان شێوەی دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ڕۆژانی چوارشەممەو پێنچ شەممە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكرێنە ڕۆژانی پشوو
هـ. ك