رێگەیەكی ناوازە بۆ لەحیمكردنی قاڵبی تیتانیۆمی ئەستور دەدۆزرێتەوە

  • 2015-12-29
  • 692 Views
رێگەیەكی ناوازە بۆ لەحیمكردنی قاڵبی تیتانیۆمی ئەستور دەدۆزرێتەوە

دوو مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رێگەچارەیەكی بێ وێنە بۆ لەحیمكردنی قاڵبی تیتانیۆمی ئەستور دەدۆزنەوە كە بەجۆرێك دەبێتە هۆی درێژبوونی تەمەنی پارچە لەحیمكراوەكە و تێچوویەكی زۆر كەم بۆ بەدەستهێنانی.

دكتۆر باسم عەلی خزر دزەیی سەرۆكی بەشی ئەندازەی بەرهەمهێنان و كانزاكان لە كۆلیژی تەكنیكی ئەندازیاری سەر بە زانكۆی پۆلیتەنكیكی سلێمانی رایگەیاند لە توێژینەوەیەكی بێ وێنەدا گەیشتینە ئەو رێگەچارەی قاڵبی تیتانیۆم كە ئەستووریەكەی ( 15 ) ملیمەتر بێت لەحیم بكەین، بەشێوەیەك كە تەمەنی لەحیمكراوەكە زیارتر بێت و تێچوویەكی كەمی تێبچێت لەكاتی گۆڕینی یان چاكسازیكردن تێیدا.

سەرۆكی بەشی ئەندازەی بەرهەمهێنان و كانزاكان وتی: دۆزینەوەی ئەم رێگەچارەیە بەكاردەهێنرێت لە پیشەسازی زۆر گرنگدا وەكو بوارەكانی ( گەردوون، دەریاوانی، نەوت، وەرزشی، زانست )دا.

لای خۆشیەوە دكتۆر یاسین مستەفا ئەحمەد ئاماژەی بەوەكرد توێژینەوەكەیان لە چوارچێوەی وەرگرتنی پرۆژەی دكتۆرا بوو لە زانكۆی وزەی نیشتمانی مالیزیا، وتیشی: پێشووتر تەنها سوود لەو قاڵبی تیتانیۆمانە وەردەگیرا كە ئەستورییان (10) ملیمەتر دەبوو، بەڵام لە رێگەی ئەم توێژینەوە دەتوانرێت سوود لەو تیتانیۆمانە وەربگیرێت كە ئەستورییان (15) ملیمەتر دەبێت لەبەرئەوەی ئەم ماددەیە تا پلەی گەرمی (882) پلەی سیلیزی سیفەتەكانی خۆی دەپاراست پێش ئەوەی بگۆڕدرێت،

ئەم رێگەچارەش بووە هۆی واڵاكردن و فراوانكردنی سوود وەرگرتن لە قاڵبی تیتانیۆم بەتایبەتی ئەوانەی كە لە پشەسازی گەردون و نەوتدا بەكاردەهێنرێن. تیتانیۆم توخمێكی كیمیاییە و هێما زانستییەكەی (Ti) ، كێشی زۆر كەمە و رەنگێكی رەساسی بریقەداری هەیە كە لە بوارەكانی ( فڕۆكەوانی، گەردون، دەریاوانی، نەوت، وەرزش، هتد…) بەكاردەهێنرێت.