١١٥٤ خوێندكاری كەركوك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران

  • كانونی یه‌كه‌م 29, 2015
  • 332 Views
١١٥٤ خوێندكاری كەركوك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران

ڕاگه‌ياندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وەك چۆن پێشمەرگە لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان داكۆكی لە خاك و نیشتمان دەكەن و پارێزگاریمان لێ دەكەن، له‌ وەزارەتی خوێندنی باَلا و تۆیژینەوەی زانستیش بەچەكی زانست ئایندەی نەوەكانی پێشمەرگە لەم سنورە بەخوێندن دابین دەكه‌ين.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەيدا هات كە لە نوسینگەی كەركوكی وەزارەتی خوێندنی باَلا و توێژینەوەی زانستی بەرێوەچو و، تيیادا ناوی وەرگیراوانی خوێندكارانی خوێندنی كوردی پارێزگای كەركوك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند.

لەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا كە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی (28/12/2015) بەرێوەچوو, لە سەرەتادا د. یوسف گۆران وتی: ئەمڕۆ بەخۆشحاڵیەوە ناوی وەرگیراوانی خوێندنی كوردی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكەینەوە, ئەوەش مژدەیەكە بۆ ئەو دایك و باوكانەو ئەوانەی كە منداڵەكانیان ڕەوانەی خوێندنی كوردی دەكرد, وتیشیی بەشی زۆری خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەزمانی كوردییە ئەوەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌.

وتيشيی ئه‌م هه‌نگاوی يه‌كه‌مه‌ بۆ خويَندنی كوردی له‌ شاری كه‌ركوك. سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگرتنه‌كه‌ش وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌ياند: له‌سه‌ره‌تادا فۆرمی وه‌رگرتنمان له‌ ڕێگه‌ی نوسينگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌ شاری كه‌ركوك پێشكه‌ش به‌خوێندنی كوردی كرد، ئه‌وانيش به‌سه‌ر خوێندنگه‌ كوردييه‌كاندا دابه‌شيان كرد، دوای ئه‌وه‌ی خوێندكاران فۆرمه‌كانيان پڕكرده‌وه‌ سه‌رجه‌م فۆرمه‌كان له‌ ڕێگه‌ی خوێندنی كورديه‌وه‌ گه‌ڕێندرايه‌وه‌ نوسينگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان، دواجاريش گه‌يندرايه‌ وه‌زاره‌ت، له‌ وه‌زاره‌تيش به‌پرۆسه‌يه‌كی جياواز له‌ زانكۆلاين به‌ڵام به‌هه‌مان ماف و ئيتمياز كه‌ دراوه‌ به‌خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان، خوێندكارانی شاری كه‌ركوكيش له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگيران، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: وه‌ك خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ساڵی يه‌كه‌م و خولی يه‌كه‌م ده‌رچوون (٢١) نمره‌يان پێدراوه‌، ئه‌وانه‌شی به‌ ساڵی يه‌كه‌م و خولی دوه‌م ده‌رچون (٧) نمره‌يان پێدراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ به‌ساڵی دووه‌م و خولی يه‌كه‌م ده‌رچوبون (١٢) نمريان پێدراوه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌ساڵی دووه‌م و خولی دوه‌م ده‌رچوبون (٦) نمريان پێدراوه‌.

له‌ به‌شێكی ديكه‌ی قسه‌كانيدا وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌ياند: وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان پێشمه‌رگه‌ به‌رگری له‌ خاك و سامان و شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تمان ده‌كه‌ن، له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستيش به‌هه‌مان گڕوتينی پێشمه‌رگه‌وه‌ كارده‌كه‌ين بۆ دابينكردنی ئاينده‌يه‌كی گه‌ش و گۆشكردنی نه‌وه‌كان به‌ چه‌كی زانست و مه‌عريفه‌.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌يه‌دا، د.يوسف گۆران ژماره‌ی خوێندكارانی وه‌رگيراو له‌ زانكۆ و په‌يمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا كرد و ڕاگه‌ياند: له‌م پڕۆسه‌يه‌دا (١١٥٤) خوێندكاری ده‌رچوی ئامادييه‌ كوردييه‌كانی كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگيران، ڕونيشيكرده‌وه‌ ژماره‌يه‌ك خوێندكاری ديكه‌ كه‌ زياتر له‌ (٥٠) خوێندكار ده‌بێت ناويان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و ناوانه‌ش‌ په‌يوه‌ندی به‌كه‌می كۆنمره‌كانيانه‌وه‌ هه‌يه‌، به‌شێكيشيان به‌هۆی ئه‌وه‌ی فۆرمه‌كانيان به‌هه‌ڵه ‌پڕكردۆته‌وه‌ بۆيه‌ ناويان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ڕاشگه‌ياند: هه‌ر خوێندكارێك ئه‌گه‌ر سكاڵای هه‌بوو ده‌توانێت بێته‌ نوسينگه‌ی وه‌زاره‌ت له‌ شاری كه‌ركوك سكاڵاكه‌ی تۆمار بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌ت پێداوچونه‌وه‌ به‌سكاڵاكه‌ی بكرێ، ئاشكراشيكرد به‌به‌راورد به‌هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكارانی كه‌ركوك له‌ زانكۆ و په‌يمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زياتره‌.

وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌ياند: ئه‌م پڕۆسه‌يه‌ ته‌نها بۆ خوێندكارانی خوێندنی كوردی له‌ شاری كه‌ركوك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی ديكه‌ش كراوه‌، بۆ نمونه‌ (١٢٢٠) خوێندكاری ئێزيدی كه‌ له‌ زانكۆكانی ديكه‌ی عێراق وه‌رگيرابون توانيمان به‌شێوه‌ی ميوانداری بيانگه‌ڕێنينه‌وه‌ بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئێستا درێژه‌ به‌خوێندن ده‌ده‌ن.

د.يوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌ياند: خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك بێ خاوه‌ن نيه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی به‌خاوه‌نی ئه‌زانێت و، هه‌موو شتێك له‌ پێناويدا ئه‌كه‌ين.

وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی وتيشی له‌م پڕۆسه‌يه‌دا به‌پێويستی ده‌زانين سوپاسی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بكه‌ين كه‌ پاڵپشتی ماده‌ی و مه‌عنه‌وه‌يان كردين، له‌هه‌مان كاتدا سوپاسی سه‌رۆك زانكۆكانی كوردستان ده‌كه‌ين كه‌ سه‌رباری خراپی دۆخی دارايی، به‌ڵام به‌گيانێكی نه‌ته‌وه‌يی و درككردن به‌گرنگی بابه‌تهكه‌‌ به‌ده‌م پڕۆسه‌كه‌وه‌ هاتن و هاريكاری زۆريان كردين، هه‌روه‌ك سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تی خوێندنی كوردی كرد كه‌ دڵسۆزانه‌ كاريان كرد بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه‌، له‌هه‌مان كاتدا سوپاسی ستافی نوسينگه‌ی وه‌زاره‌تی له‌ شاری كه‌ركوك كرد كه‌ توانيان پڕۆسه‌كه‌ بگه‌ێننه‌ ئه‌م ڕۆژه‌. د.يوسف گۆران ڕاشگه‌ياند: ئه‌مه‌ هه‌نگاوی يه‌كه‌م و له‌ ساڵانی داهاتوشدا پرۆسه‌كه‌ درێژه‌ی ده‌بێت.

له‌ كۆتايشدا وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی ناوی سه‌رجه‌م وه‌رگيراوانی ڕاده‌ستی مامۆستا شێرزاد ڕه‌شيد كاكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی له‌ په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك كرد.

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی ڕاگه‌ياند: بۆ يه‌كه‌مجاره‌ له‌ شاری كه‌ركوك دوای هه‌وڵ و ماندوبونێكی چه‌نده‌ ساڵه‌و، له‌ دوای سكاڵايه‌كی زۆری دايك و باوكی ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ منداڵه‌كانيان ڕه‌وانه‌ی خوێندنی كوردی ده‌كرد، به‌خۆشحاڵيه‌وه‌ ئه‌مڕۆ د.يوسف گۆران پيرۆزترين و گه‌وره‌ترين هه‌نگاوی نا بۆ زياتر بره‌ودان به‌خوێندنی كوردی له‌ شاری كه‌ركوك، ئه‌وه‌شی به‌ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ وه‌سف كرد.

به‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌كه‌ش د.يوسف گۆران وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ مامۆستا شێرزاد ڕه‌شيد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خوێندنی كوردی كۆبوه‌وه‌.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی كوردی سوپاسی تايبه‌تی ئاڕاسته‌ی وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی كرد و وتی: ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ڕێزتان ڕوداوێكی مێژوييه‌و ئێمه‌ی سه‌ربه‌رز كرد.

له‌ به‌رامبه‌ردا د.يوسف گۆران ڕايگه‌ياند: كه‌ركوك شايه‌نی زياتره‌، وتيشيی وه‌ك چۆن له‌ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ئه‌و هه‌نگاوه‌مان ناو و خوێندكارانی كه‌ركوكمان له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن وه‌رگرت، به‌هه‌مان شێوه‌ خوازيارين كه‌ركوك بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو سيسته‌می خوێندنی هه‌رێمی كوردستان، وتيشيی به‌و ڕوحيه‌ته‌وه‌ كاری به‌رده‌وام ده‌كه‌ين، هه‌روه‌ك كاريش ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستانيش له‌ زانكۆی كه‌ركوك وه‌ربگيرێن، د.يوسف گۆران ڕونيشی كرده‌وه‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌مانه‌وێ خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك ببوژێنينه‌وه‌.