زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ڕۆڵێکى گرنگیان لە پێگەیاندنى کادیرى ناوەندى بۆ بازارى کارى هەرێمى کوردستان هەیە

  • شوبات 2, 2016
  • 299 Views
زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ڕۆڵێکى گرنگیان لە پێگەیاندنى کادیرى ناوەندى بۆ بازارى کارى هەرێمى کوردستان هەیە

د.یوسف گۆران: زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ڕۆڵێکى گرنگیان لە پێگەیاندنى کادیرى ناوەندى بۆ بازارى کارى هەرێمى کوردستان هەیە

ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

بەئامانجى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کاروچالاکیەکان و گفتوگۆکردن لەبارەى کێشەو کەموکوڕییەکانى زانکۆکە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد.

لەو سەردانەدا کە د.محمد صابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.دڵشاد کاکەسور بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازەو پڕۆژەکان هاوڕێتیان دەکرد، لەلایەن د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ستافى زانکۆکە بەگەرمى پێشوازى لێکرا.

هەر لەو سەردانەیدا بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارى بەشێک لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆکەى کرد.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە, ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠١٦) بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.کاوە شێروانى بەناوى ئەنجومەنى زانکۆکەوە بەخێرهاتنى گەرمى د.یوسف گۆران و وەفدى هاوڕێى کرد، پاشان ئاماژەى بەکارنامەى کۆبونەوەکەیان کرد کە تایبەت بوو بەخوێندنى ئێواران لە زانکۆکەیان و، خوێندن بەشێوەى سیستمى پارالێڵ.

پاشان د.یوسف گۆران لە وتەیەکیدا خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانەو بەشداریکردنى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێر نیشانداو ڕایگەیاند: دەمێک بوو دەمویست لە نزیکەوە ئاگادارى کاروچالاکى زانکۆکەتان بم و لە نزیکەوە گوێم لە ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانتان بێت بۆ پێشختنى بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان، هیواشى خواست کۆبونەوەکە کۆبونەوەیەکى ڕاشکاوانە بێت و دەست لەسەر کێشەو گرفتەکان دانێن و ڕێگەى چارەى گونجاویشیان بۆ دەستنیشان بکەن.

هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەو قەیرانى داراییە کرد کە ڕوبەڕوى هەرێمى کوردستان بۆتەوەو چ بارگرانیەکى خستۆتە سەر دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەتایبەت زانکۆکان، وتیشى دەبێت هەموان دەست لەناو دەست یەک بکەین هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ دەربازبون لەو قۆناغە سەختەى دارایى کە ڕوبەروى حکومەت بۆتەوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە دەبێت هەموو هەوڵەکانمان زیاتر چڕ بکەینەوە بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن بەردەوام بێت.

هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران بەگرنیگەوە باسى لە ڕۆڵى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان کرد بەتایبەت لە پێگەیاندنى کادیرى ناوەندى بۆ بازارى کارى هەرێمى کوردستان، وتیشى ئەو گرنگیەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان وادەکات کە سورتر بن لە پاراستنى کواڵیتى زانکۆکەتان.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى خوێندنى ئێواران و چۆنیەتى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە کرا کە ڕوبەڕوى خوێندکاران دەبێتەوە بەتایبەت لە پڕۆسەى وەرگرتن بۆ خوێندنى ئێواران و، خوێندن بەشێوەى سیستمى یارالێڵ، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ئەندامانى ئەنجومەنەکەى ڕاسپارد کۆى پێشنیازو تێبینیەکانیان کۆبکەنەوەو لە ڕێگەى سەرۆکى زانکۆەکەوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرزى بکەنەوە تا بڕیارى پێویستى لەبارەوە بدەن.