زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى رۆژی جیهانی ته‌ندروستی به‌رزده‌نرخێنێت

  • نیسان 10, 2016
  • 331 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى رۆژی جیهانی ته‌ندروستی به‌رزده‌نرخێنێت

به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى ته‌ندروستى و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریی ته‌ندورستى له‌ نێو تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا ده‌سته‌ى رۆشنبیرى ته‌ندروستى كۆمه‌ڵ (CHIU) به‌سه‌رپه‌رشتى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ڤێستیڤاڵێكى ته‌ندروستى رێكخست.

سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ رێكه‌وتی 7/‌ 4 /٢٠١٦كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی جیهانی ته‌ندروستی، له‌ كه‌مپی كۆلێجه‌ ته‌نكیكییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، كۆلێجی تەکنیکى تەندروستى‌ به‌هاوكارى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى هه‌ستان به‌ سازدانی ڤێستیڤاڵێكى تایبه‌ت به‌و یاده‌، كه‌ تیایدا چه‌ندین چالاكی ته‌ندروستی ئه‌نجامدرا.

ڤێستیڤاڵەكه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ بەڕێزان (د.ئالان فه‌ره‌یدون/ سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى) و (د.حكیم عوسمان/ راگری كه‌مپی كۆلێجه‌ ته‌كنیكییه‌كان) و (د.میران محه‌مه‌د/ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی) و نه‌قیبی سه‌ندیكای پزیشكان و مامۆستایان و خوێندكارانی كه‌مپه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو

له‌ده‌ستپێكی‌ چالاكییه‌كاندا له‌ هۆڵی سیمینیاری كه‌مپی كۆلێجه‌ ته‌كنیكیه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌لایه‌ن رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌وه‌ چه‌ند وته‌یه‌ك پێشكه‌شكرا، سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانیش له‌لایه‌ن به‌شی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوون.

د.ماردین عوسمان یاریده‌ده‌ری كۆلێجی تەکنیکى ته‌ندروستی كه‌ رێكخه‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌ بوو وتی: بۆ به‌رزنرخاندنی ئه‌م رۆژه‌ جیهانییه‌ به‌ هاوكاری و سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و كۆمه‌ڵێك خوێندكاری نمونه‌یی و ده‌سته‌ی رۆشنبیری ته‌ندروستی كۆمه‌ڵ‌، چالاكییه‌كانمان ئه‌نجامدا

د.ماردین عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌ئێستادا كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی له‌دوو به‌ش پێكدێت، هه‌روه‌ها له‌به‌رنامه‌شدایه‌ به‌شی نوێ بۆ كۆلێجه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و كه‌رتی ته‌ندروستی.

خاتوو (سایه‌ هیوا/ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى رۆشنبیرى ته‌ندروستى كۆمه‌ڵ وتى: چالاكییه‌كانى فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ چه‌ندین پشكنینى ته‌ندروستى پێكهاتووه‌ وه‌ك ( دروستى ددان و ژه‌مه‌ خۆراكییه‌كان، پشكنینى په‌ستانى خوێن و شه‌كره‌، چۆنێتى دابه‌زاندنى كێشى له‌ش و هتد … ) ، ئامانجمان هۆشیاركردنه‌وه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا و ناساندنى كۆلێژه‌كه‌مانه‌ به‌ ئاماده‌بووانى فێستیڤاڵه‌كه‌