ئه‌نفال.. زامی سارێژنه‌بووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك

  • نیسان 16, 2016
  • 823 Views
ئه‌نفال.. زامی سارێژنه‌بووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك

په‌یامی سه‌رۆكی زانكۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى له‌یادی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا

كه‌س‌وكارى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان

خوێندكارانی خۆشه‌ویست

مامۆستایان

فه‌رمانبه‌ران

سڵاوی زانست و خه‌باتتان لێبێت

وه‌كو هه‌مووان ده‌زانن ١٤/٤ ی هه‌موو ساڵێك، یادی كاره‌ساتێك و زامێكی هه‌ره‌ قوڵی سارێژنه‌بووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌، یادی رۆحی په‌پووله‌ ئاسای ١٨٢ هه‌زار ئه‌نفالكراوى كوردستانه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ رژێمی له‌گۆڕنراوی به‌عسی رووخاوو، نه‌ك ته‌نها رووحی مرۆڤه‌كان، به‌ڵكو جوانی سروشت و رووحی گیانداره‌كان و منداڵی سه‌ر بێشكه‌كان و دارو په‌ردووی كوردستانه‌كه‌مانى ئه‌نفالكرد، بگره‌ ویستی ئه‌وه‌بوو كوردستانیان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بسڕێته‌وه‌و له‌ناومان ببات.

١٤/٤ فرمێسكی رژاوی دایكان‌و خوشكان‌و براو باوكی ئه‌نفالكراوان‌و شه‌هیدان ته‌ڕترده‌كات‌و ئه‌ركه‌ مێژویی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و زانستیه‌كانیشمان زیاتر ده‌كات، ئه‌م یاده‌و كاره‌ساته‌كانى ده‌ستی داعشیش به‌رامبه‌ر به‌ كوردان به‌گشتی ئێزدیان به‌تایبه‌تی پێمان ده‌ڵێن گه‌ر نێوماڵی خۆمان په‌رته‌وازه‌بێت و وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌ین ناكۆكبین، ئه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان زۆرترو زیاترن و كاره‌ساته‌كانیش به‌رده‌وام‌و جه‌رگتربڕده‌بن.

خوێندكاران و مامۆستایان

ئه‌نفال پێمانده‌ڵێت كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین و به‌رده‌وامبین له‌به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وتی زانست و فێركردن له‌ كوردستان، راسته‌ قه‌یرانه‌كان زۆرن، سه‌رووی هه‌موشیان قه‌یرانی دارایی كاری له‌هه‌موومان كردووه‌ به‌بێ جیاوازی و تادێت كاریگه‌رییه‌كانی زیاتریش به‌سه‌رمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئیتر بوەستین و چاوه‌رێ بكه‌ین، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌ركه‌كانمان زۆرتر و زیاتر له‌ رابوردوو باشتر رابپه‌ڕێنین و به‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان بڵێن ئێوه‌ تاجی سه‌ری ئێمه‌ن و ئێمه‌ش به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین كه‌ نه‌وه‌كانتان به‌چه‌كی زانست پڕچه‌ك به‌كه‌ین و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ هه‌مووان له‌ كوردستانه‌ ره‌نگینه‌كه‌مان به‌دی بهێنین.

له‌كۆتاییدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاكی ئه‌نفالكراوان و شه‌هیدانى ده‌ستی تیرۆرو رێگاى رزگارى گه‌له‌كه‌مان داده‌نوێنین.