مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ئه‌مریكا توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات

  • ئایار 18, 2016
  • 474 Views
مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ئه‌مریكا توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات

مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی زه‌ماله‌یه‌كی توێژینه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌یه‌كێك له‌زانكۆ ئه‌مریكیه‌ ناوداره‌كان بۆ به‌رده‌وامبونی توێژینه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌.

د.بیلال عبدالرحمن محمد/ مامۆستا له‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی رایگه‌یاند، زه‌ماله‌یه‌كی توێژینه‌وه‌یی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌زانكۆی سینسیناتی ئه‌مریكی كه‌داده‌نرێت به‌یه‌كێك له‌ 25 باشترین زانكۆكانی توێژینه‌وه‌ی گشتی له‌ئه‌مریكا, بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر شێرپه‌نجه‌.

د.بیلال ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، زانكۆ ئه‌مریكیه‌كه‌ بانگێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمی پێشكه‌ش كردوین تا توێژینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ین ده‌رباره‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌سه‌نته‌ری ده‌رمان له‌نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سینسیناتى كه‌ داده‌نرێت به‌یه‌كێك له‌گرنگترین 3 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی تایبه‌ت به‌شێرپه‌نجه‌, ئه‌ویش دوای بینینی توێژینه‌وه‌یه‌كمان كه‌ پێشتر به‌ ئه‌نجاممان گه‌یاندبوو.

د.بیلال سه‌باره‌ت به‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی پێشوتری ووتی، كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌م سه‌باره‌ت به‌شێرپه‌نجه‌ ئه‌نجامداوه‌ له‌كاتی خوێندنی دكتۆرادا له‌زانكۆی نۆتینگهام له‌به‌ریتانیا، كه‌ دواتر له‌چه‌ند گۆڤارێكی زانستی نوێوده‌وڵه‌تیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.بلال عبدالرحمن ووتیشی، زیادبوونی ڕێژه‌ی توشبوان به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌جیهاندا به‌گشتی‌و عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی هانیدام كه‌ ته‌ركیز بخه‌مه‌سه‌ر ئه‌و توێژینه‌وانه‌ سه‌باره‌ت به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی به‌شداری بكه‌م له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی توشبوان به‌و نه‌خۆشیه‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویست بۆیان.

جێی بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ د.بلال عبدالرحمان محمد, به‌كالۆریۆسی له‌مایكرۆبایۆلۆجی له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌به‌شی علوم حیات، له‌كۆلێجی زانست ساڵی 1999، هه‌روه‌ها ماسته‌ری له‌مایكرۆبایۆلۆجی له‌به‌شی علوم حیات له‌كۆلێجی زانست له‌بغداد ساڵی 2005 به‌ده‌ستهێناوه‌‌و دكتۆرای له‌تایبه‌تمه‌ندێتی مایكرۆبایۆلۆجی گه‌ردیله‌یی له‌بواری شێرپه‌نجه‌, له‌زانكۆی نۆتینگهام ساڵی 2013 به‌ده‌ستهێناوه‌، ئێستاش مامۆستایه‌ له‌به‌شی شیكاری نه‌خۆشیه‌كان له‌په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سه‌ر به‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌.