لە ئەمڕۆوە خوێندكاران دەتوانن داوای گواستنەوە بكەن لە نێوان زانكۆ و پەیمانگاكاندا

  • ئاب 1, 2016
  • 343 Views
لە ئەمڕۆوە خوێندكاران دەتوانن داوای گواستنەوە بكەن لە نێوان زانكۆ و پەیمانگاكاندا

چەند بڕیارێكی گرنگ و تایبەت بە گواستنەوە و وەرگرتن و (ترقین قەیدەكان) بۆ ئەمساڵی خوێندنی خوێندكاران دەخرێنەڕوو، هەروەها چەند مەرجێكیش بۆ داواكاری گواستنەوەی خوێندكاران لە نێوان زانكۆ و پەیمانگاكاندا رادەگەیەندرێت.
لە كۆبوونەوەی لێپرسراوانی تۆماری سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كە بە سەرپەرشتی مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە سەرۆكایەتی زانكۆ بەڕێوەچوو، چەند تەوەرێكی تایبەت بە ساڵی نوێی خوێندن تاوتوێكران، كە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەتوانن لە 17/7/2016 وە داوای گواستنەوە لە نێوان زانكۆ و پەیمانگاكاندا بكەن و (ترقین) كراوەكانی ساڵانی پێشووش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن بە سیستمی پارالێل، هەروەها خوێندكاران بە سیستمی پارالێل دەتوانن لە خوێندنی بەیانیان بچەنە خوێندنی ئێواران و گواستنەوەی خوێندنیش لە زانكۆیەك بۆ زانكۆیەكی تر بكەن بەدەر لە رێنماییەكان بۆ هەمان بەش.
مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سوپاسی سەرۆكی زانكۆ دەكات كە بەردەوام پشتیوانی تەواوی كردوون لە كاروبارەكانی خوێندكاراندا و رایگەیاند: چەند مەرجێك بۆ گواستنەوەی خوێندكاران دیاری كراوە و بەپێی ئەو مەرجانە خوێندكار دەتوانێت دەست بە مامەڵەكانی بكات و لە رێگەی سەرۆكایەتی زانكۆوە بچێت بۆ ئەو شوێنەی دەیەوێت دابەزینی تێدا بكات، ئەمەش لە رێگەی فۆرمێكی تایبەتەوە دەبێت كە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێمان گەیشتووە و كار ئاسانی زۆری بۆ رایكردنی مامەڵەكانی خوێندكاران تێدا كراوە كە تەنیا لە رێگەی مۆر و ئیمزاوە رەزامەندی و پەسەندەی سەرۆك بەش و تۆماری كۆلێج و پەیمانگا و دواتر سەرۆكایەتی زانكۆی دەوێت.
دەربارەی سیستمی خوێندنی ئێواران مامۆستا بەختیار عوبێد شەریف ئاشكرایكرد: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تاكە زانكۆیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە بە شێوەی ئۆنلاین زۆرترین رێژەی خوێندكاری بۆ خوێندنی ئێواران وەرگرتووە، سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی و بایكۆتكردنی دەوام و دواكەتنی راگەیاندنی ناوی پێشكەشكارانیش خۆشبەختانە سەرۆكایەتی زانكۆ بڕیاریدا دواخستنی خوێند بۆ ئەم خوێندكارانە بكرێت بۆ ساڵی 2016-2017.
سەبارەت بە داواكاری گواستنەوەی خوێندكاران چەند مەرجێك دیاریكراوە و هەر خوێندكارێكیش ئەم مەرجانەی لای خوارەوەی تێدا بێت مافی گواستنەوەی دەبێت:
1.كوڕ و كچی شەهید و ئەنفال.
2.خوێندكارێك لە ماوەی ساڵانی خوێندنی لە زانكۆ و پەیمانگا هاوسەرگیری كردبێت.
3.مردنی دایك یان باوك لە ماوەی ساڵانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا.
4.رەگەزی مێ كە لە ماوەی ساڵانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگا منداڵی بێت.
5.خوێندكارێك بە ئاستی باشە یان سەروتر دەرچووبێت.
6.بوونی نەخۆشی درێژخایەن.
7.خوێندكارێك دایكی یان باوكی فەرمانبەری ئەو زانكۆیە كە داوای گواستنەوەی بۆ دەكات.

8.ئەگەر هیچ كام لەم مەرجانەی تێدا نەبوو ئەوا دەتوانێت بە پێدانی بڕەپارەی 50% ی نرخی پارالێل بۆ قۆناغەكانی 2 و دواتر ، وە بڕەپارەی 100% ی پارالێل لە قۆناغی یەكەم داوای گواستنەوە بكات.