زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى

  • 2016-08-01
  • 458 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى

لیژنه‌یه‌كى باڵاى یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌مه‌به‌ستى پشكنین و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌ ئه‌ندامبوونى زانكۆى پۆلیته‌نكنیكى سلێمانى له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆكه‌ ده‌كات و لاری نه‌بوونی له‌وباره‌یه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.

دواى ئه‌وه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ ساڵى 2014 بۆ زیاتر نێوده‌وڵه‌تى بوونى زانكۆكه‌ و فراوانبوونى مه‌وداى په‌یوه‌نییه‌كانى، له‌ گفتوگۆى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌ندامبوونى زانكۆكه‌ له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لە بەروارى یه‌كشه‌ممه‌ 31\7\2016 لیژنه‌یه‌كى باڵاى یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى كه‌ پێكهاتبوون له‌ ( پ.د.سوڵتان ئه‌بوعورابى عه‌دوان – ئه‌میندارى گشتى یه‌كێتى زانكۆكانى عه‌ره‌بى، د.محه‌مه‌د حه‌مدان – سه‌رۆكى زانكۆى ئه‌نبار و یاریده‌ده‌رى ئه‌میندارى گشتى و پ.د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر دزه‌یی سه‌رۆكى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین و بڕیارده‌رى یه‌كێتى زانكۆكانى عه‌ره‌بى ) به‌ یاوه‌رى د.سه‌ڵاحه‌دین سه‌عید سه‌رۆكى زانكۆى سلێمانى سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانیان كرد و له‌لایه‌ن پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیك و یاریده‌ده‌رانى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و كارگێڕى و دارایی پێشوازییان لێكرا.

پاشان پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین و لیژنه‌ى باڵاى یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌لیان له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى داواكارى و سه‌رنج و تێبینیه‌كانى یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ ئه‌ندامبوونى زانكۆى پۆلیته‌نكنیكى سلێمانى له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ كرد، دواتر لیژنه‌ى باڵا به‌ مه‌به‌ستى وردبینیكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن سه‌ردانى شوێن و به‌ش و سه‌نته‌رى زمان و هۆڵه‌كانى خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌ى IELTS ى زانكۆكه‌یان كرد و دواى دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێكردنى سه‌رجه‌م داواكارى و سه‌رنج و تێبینییه‌كان لاری نه‌بوونى خۆیان بۆ به‌ ئه‌ندامبوونى زانكۆى پۆلیته‌نكنیكى سلێمانى له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌ربڕى.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامبوونى زانكۆكه‌ به‌ فه‌رمى له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى، به‌ختیار عوبێد شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌رى پەیوەندییەئەکادیمییەکانى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتى: ئه‌مڕۆ لیژنه‌یه‌كى باڵاى یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ وردبینى كردن و پشكنینى زانكۆكه‌مان سه‌ردانیان كردین، له‌لایه‌ن زانكۆمانه‌وه‌ روسوماتى په‌یوه‌ندیدار به‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و وردبینییه‌ پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ى باڵاى یه‌كێتی زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى كرا و خۆشبه‌ختانه‌ هیچ لارینه‌بوونێكیان ده‌رنه‌بڕى و دۆسێكه‌مان بۆ ئه‌ندامبوونى زانكۆكه‌مان له‌ یه‌كێتی زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بی قبوڵكرا.

بڕیاره‌ له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆببێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر وه‌رگرتنى دۆسێ نوێكان بدات، یه‌كێك له‌ دۆسێكانیش تایبه‌ته‌ به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و به‌ فه‌رمى ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتى زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى.