زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بڕوانامه‌ى ده‌رچوونى به‌خشییه‌ ٥٠ كارمه‌ندی ته‌ندروستى

  • 2016-08-01
  • 380 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بڕوانامه‌ى ده‌رچوونى به‌خشییه‌ ٥٠ كارمه‌ندی ته‌ندروستى

به‌دروشمى (گرنگیدان به‌كارمه‌ندانى ته‌ندروستى ناو تاقیگه‌كان ئه‌ركی هه‌موانه‌)، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (٤/٦/٢٠١٦) له‌هۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى، مه‌راسیمى پێدانى بڕوانامه‌ به‌ده‌رچووانى خولی یه‌كه‌می زانستى تاقیگه‌كان بۆ كارمه‌ندانى ته‌ندروستى به‌ڕێوه‌چوو.

مه‌راسیمه‌كه‌ له‌كاتژمێر ١٠ ى سه‌ر له‌به‌یانى به‌ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان د. ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى و دكتۆر میران محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى ته‌ندروستى سلێمانى‌ و دكتۆر شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین ئه‌ندامی په‌رله‌مانى كوردستان و چه‌ندین مامۆستا و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى ده‌ستى پێكرد.

مه‌راسیمه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌پێدانى بڕوانامه‌ به‌كارمه‌ندانى ناو تاقیگه‌كان ئه‌وه‌ش دواى به‌شداربوونیان له‌خولێكى شه‌ش مانگی كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانى كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستى زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برا.

خوله‌كه‌ش به‌مه‌به‌ستى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستى كارمه‌ندان بوو له‌ پێناو خزمه‌تى زیاترو دیاریكردن‌و وردبینیترى كاره‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆش له‌پێناو ته‌ندروستیه‌كی باشتر بۆ هاوڵاتیان رێكخرابوو، كه‌ تێدا (٥٠) په‌نجا كارمه‌ندی ناوتاقیگه‌كان به‌شدارییان تێداكردبوو.

له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌سه‌رۆكی زانكۆو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى ته‌ندروستى سلێمانى و سه‌رۆكی لقی سلێمانى سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى سلێمانى وته‌ی خۆیان پێشكه‌شكرد، پاشان له‌لایه‌ن سه‌ندیكاى كارمه‌ندانى ته‌ندروستیه‌وه‌ خه‌ڵاتى رێزلێنان به‌خشرایه‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆی پۆلیته‌كنیك و كۆلیجی ته‌كنیكی ته‌ندروستى.

له‌وته‌كه‌یدا دكتۆر ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكى سلێمانى پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م به‌شداربووان كرد.

وتیشی “ئه‌مڕۆ زانكۆ رۆڵی خۆی ده‌بینێت له‌به‌رهه‌مهێنانى زانست و مه‌عریفه‌و ئاماده‌كردنى كادری به‌توانا بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان كه‌ ئه‌مه‌ش رۆڵی راسته‌قینه‌ى زانكۆیه‌”.

سه‌رۆكی زانكۆ هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى رۆڵی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێت كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانى زانست و مه‌عریفه‌ بۆ كه‌سانى زانستخواز بدات، هه‌روه‌ك ده‌ستخۆشی خۆی ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م رێكخه‌ران و به‌شداربوونى خوله‌كه‌ كرد.

له‌كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا بڕوانامه‌ به‌خشرایه‌ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانى به‌شداربوونى خوله‌كه‌.