به‌رنامه‌ ‌و پلانی ناوەندى گه‌شه‌پێدان بۆ كارى زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى به‌رزده‌نرخێندرێت

  • ئاب 10, 2016
  • 289 Views
به‌رنامه‌ ‌و پلانی ناوەندى گه‌شه‌پێدان بۆ كارى زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى به‌رزده‌نرخێندرێت

نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌كات و په‌یڕه‌ و پرۆگرامه‌كانى (ناوەندى گه‌شه‌پێدان بۆ كار)ى زانكۆكه‌ به‌رزده‌نرخێنێت.

ده‌رباره‌ى په‌یڕه‌ و پرۆگرامه‌كانى ئه‌مساڵى ناوەندى گه‌شه‌پێدان بۆ كار له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئارى عه‌باس قادر ئه‌ندامى باڵاى ناوەندەکە رایگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ئێستادا زانكۆكه‌مان یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌نده‌ چالاكه‌كان له‌ناو زانكۆ حكومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا، رۆژى 4/8/2016 به‌ڕێز مه‌قسود سه‌عدى محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى خوێندى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى كردین و له‌نزیكه‌وه‌ تاوتوێ ى ئه‌و په‌یڕه‌ و پرۆگرامه‌ كرا كه‌ ناوەندەکەمان بۆ ئه‌مساڵ دایڕشتووه‌، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوەندىگه‌شه‌پێدان بۆ كار و به‌رنامه‌كانى و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ندامه‌كانى تاكو ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا گشتانى بۆ بكات و به‌سه‌ر هه‌موو ناوەندەکانى گه‌شه‌پێدان بۆ كار له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان دابه‌ش بكرێت.

یاساناس ئارى عه‌باس قادر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكرا ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌ى رێكخراوى ئه‌مریكى ( IREX ) كه‌ سه‌رپه‌رشتى ناوەندەکانى گه‌شه‌پێدان بۆ كار ده‌كات له‌ مانگى (9) ى ئه‌مساڵه‌وه‌ خه‌رج نه‌كرێت، ئه‌وا وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى تیمێك دروست ده‌كات كه‌ پشت به‌ هه‌ردوو زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و زانكۆى سۆران ده‌به‌ستێت تا رێنماى و به‌رچاوڕوونى به‌ زانكۆكانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان بدات سه‌باره‌ت به‌چۆنێتى كاركردنیان له‌هه‌ر بارودۆخێكدا.

ناوەندىگه‌شه‌پێدان بۆ كار له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى لە ساڵى ٢٠١٥ ەوە بێ وچان چه‌ندین هه‌لى كار بۆ خوێندكاره‌ ده‌رچووه‌كانى زانكۆكه‌ ڕەخساندوە و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیدایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكومى و كۆمپانیا و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى كار و دامه‌زراندنى خوێندكاران به‌پێی توانا و پسۆڕییان.