زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى لێكتێگه‌یشتنێكى دیكه‌ى زانستى واژۆكرد

  • ئاب 11, 2016
  • 333 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى لێكتێگه‌یشتنێكى دیكه‌ى زانستى واژۆكرد

له‌پێناو ئه‌نجامدانى كارى زانستى هاوبه‌ش و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى یه‌كتری زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و زانكۆى جیهان له‌ سلێمانى لێكتێگه‌شتنێكى ئه‌كادیمی له‌ نێوانیان واژۆ ده‌كه‌ن و بڕیاریش ده‌ده‌ن لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ دانانى میكانیزم و شێوازى جێبه‌جێكردنى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ پێكبهێنن.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 10/8/2016 له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و د. دانا ئه‌حمه‌د مسته‌فا یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارایی و مامۆستا هۆگر محه‌مه‌د تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى زمان پێشوازییان له‌ وه‌فدێكى باڵاى زانكۆى جیهان كرد به‌ سه‌رۆكایه‌تى د. ئارام عومه‌ر محێدین سه‌رۆكى زانكۆى جیهان له‌ سلێمانى.

پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین و د. ئارام عومه‌ر محێدین لێكتێگه‌یشتنێكى ئه‌كادیمى و زانستى له‌ نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و زانكۆى جیهان واژوكرا، به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنى زمانى ئینگلیزى و سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى یه‌كتری و ئه‌نجامدانى چالاكى زانستى و كۆنفرانسى هاوبه‌ش.

لایخۆشیه‌وه‌ سه‌رۆكى زانكۆى جیهان خۆشحاڵى خۆى به‌ واژوكردنى لێكتێگه‌یشتنێكى له‌وجۆره‌ له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كى حكومى ده‌ربڕى و رایگه‌یاند: هاتووین تا سوود له‌و كار و ئه‌زموونه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وه‌ربگرین، تاكو بتوانین به‌شێوه‌یه‌كى باشتر كاربكه‌ین به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتى: به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كانى زانكۆمان له‌گه‌ڵ زانكۆكانى ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانین به‌ تایبه‌تى زانكۆى جیهان، له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ونى زانكۆمانه‌ له‌ رێگه‌ى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانمان و كارى هاوبه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان و جیهان زیاتر زانكۆمان به‌ره‌وپێش ببه‌ین و رانكى زانكۆمان به‌رزتر بكه‌یه‌نه‌وه‌.

پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ دوو ساڵ پێش ئێستا زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ته‌نها دوو لێكتێگه‌یشتنى له‌گه‌ڵ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا نزیكه‌ى 40 لێكتێگه‌یشتنى ئه‌كادیمى و زانستى له‌گه‌ڵ زانكۆ و په‌یمانگاكانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش هه‌یه‌.

دواتر بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆدا پێكبهێنرێت به‌ ئامانجى دانانى میكانیزم و شێوازى جێبه‌جێكردنى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌، كه‌ خۆى له‌ بواره‌كانى ئاڵوگۆڕى ستافى ئه‌كادیمى و ئه‌نجامدانى كۆنفرانس و توێژینه‌وه‌ و سیمینار و وۆركشۆپى هاوبه‌ش و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیدان به‌ دیدار و سه‌ردانه‌كانى یه‌كتر ده‌بینێته‌وه‌.

كۆتایی مانگى رابردووش وه‌فدێكى باڵاى په‌یمانگاى نه‌وتى به‌سره‌ له‌ عێراق سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى_یان كرد به‌مه‌به‌ستى واژۆكردنى لێكتێگه‌یشتنى زانستى و ئه‌كادیمى و كارى هاوبه‌ش.