لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە خوێندنی ئێواران لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێدەکات

  • 2017-01-06
  • 452 Views
لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە خوێندنی ئێواران لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێدەکات

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی فێراخوازان و ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن بەسیستمی ئێواران دڵنیادەکاتەوە کە لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە خوێندنی ئێواران دەست پێدەکات و بۆ راگەیاندنی لیستی ناوی وەرگیراوانیش بە شێوەیەکی کۆتایی چاوەڕوانی گەرانەوەی فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستین.
لەوبارەیەوە بەختیار عوبێد شەریف بەرێوەبەری تۆماری گشتی لەسەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: سەرجەم خوێندکارانی وەرگیراو بەشێوەی بەرایی بەھەردوو سیستمی پارالێل و ئێواران لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ناوەکانیان بەرزکراوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژێنەوەی زانستی بەمەبەستی دەرکردنی فەرمانی وەزاری بۆیان، دوای گەڕانەوەی فەرمانەکە ڕاستەوخۆ فەرمانی زانکۆییان بۆ دەردەکرێت و پێشبینی ئەکەین لەنزیکترین کاتدا فەرمانیان بۆ دەربچێت و دەوامی فە رمییان دەکەوێتە سەرەتای مانگی یەکی ٢٠١٧ەوە.
سەبارەت بەو بەشانەی کە تێیدا خوێندنی ئێواران کراوەتەوە بەرێوەبەری تۆماری گشتی ووتی: خوێندنی ئێواران لەزۆربەی بەشەکانی سەرجەم کۆلێج و پەیمانگەکانی زانکۆماندا کراوەتەوە جگە لەکۆلێجی تەکنیکی زانستە پڕاکتیکیەکان و پەیمانگەی تەکنیکی بەکرەجۆ کە خوێندنی ئێوارانیان نیە.
بەختیار عوبێد شەریف سەبارەت بەو خوێندکارانەی ساڵی پار بۆ خوێندنی ئێواران ناویان ھاتەوە رایگەیاند: ئەوان بەھۆی ئەوەی درەنگ ناوەکانیان گەرایەوە بریاردرا لە چوارچێوەی خوێندنی ئێوارانی ئەمساڵدا وەکو خوێندکار بخوێنن، ئەویش بۆ ئەوەی کە مافی تەواوی خوێندنەکەیان پێبدرێت.
بەرێوەبەری تۆماری گشتی راشیگەیاند: ئەو فێرخوازانەی تانەیان ھەبووە، سەرجەمی تانەکان تاوتوێ کراون لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوەو لەگەڵ ناوی بەرای وەرگیراواندا ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە، بۆ ئەوەی ناوی ئەوانیش فەرمانی وەزرای بۆدەربچێت و سەرەتای ساڵی نوێ دەست بەخوێندن بکەن.
سەبارەت بە ماوەی خوێندن و پرۆگرامەکانی خوێندن بەختیار عوبێد شەریف روونیکردەوە: ماوەی خوێندن ھاوشیوەی خوێندنی بەیانیانەو پرۆگرامی خوێندنیشیان ھیچ جیاوازییەکی نییە.
لەلایەکی تریشەوە پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: پاش ئەوەی خوێندن لەزانکۆکەماندا بەشێوەیەکی گشتی ئاسایی بۆتەوە، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکارییەکانین بۆ خوێندنی ئێواران و سەرەتای ساڵی نوێ دەست بەخوێندن دەکرێت و خوێندکاران دڵنیادەکەینەوە بەو برە پارەیەی کە بۆ خوێندن دەیدەن بەزانکۆمان، ئێمە وادەکەین کە سەرجەم کەموکوریەکانی خوێندنی پێ پڕبکەینەوەو گەر پێویستیش بکات پشت بە توانای دەرەکی دەبەستین بۆ ھەر پسپۆرییەک کە ھەست بکەین کێشەیەک لەو بارەیەوە دەبێت، واتە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت دەبێت بۆ زانکۆمان و بەتایبەتی مامۆستایان، وە لەکاتی نەبوونی مامۆستادا لەھەر پسپۆرییەک زانکۆ کاردەکات بۆ ھێنانی مامۆستای دەرەوەی زانکۆ و تەنانەت دەرەوەی ھەرێمیش.
پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون ووتیشی: ھەوڵی تەواومان داوە خوێندن بە سیستمی (بۆلۆنیا) بخەینەوە بواری جێ بەجێ کردنەوە کە خوێندکار لەکاتی دەرچوونیدا بڕوانامەکەی لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیادا باوەرپێکراو دەبێت و بۆ ئەمەش ھەنگاو پێویست و گرنگ نراوە.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دووبارە پیرۆزبایی لەسەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان کردو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئێمە ھەوڵدەدەین ئەمساڵی خوێندن بەگشتی ساڵێکی جیاوازتربێت لە ساڵانی رابردوو و نەھێڵین قەیرانی دارایی پەل بکێشێت بۆ قەیرانی زانست لە زانکۆکەماندا.