ساڵی نوێتان پیرۆزبێت

  • 2017-01-06
  • 695 Views
ساڵی نوێتان پیرۆزبێت

بەناوی ئەنجومەنی زانکۆو سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆمانەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێی ٢٠١٧ لەھەموو لایەکتان دەکەین و ئومێدەوارین ساڵێکی پڕ لەخێرو خۆشیبێت بۆ ھەموولایەک، ساڵێکی دووربێت لە قەیران و نەھامەتییەکانی چەند ساڵی رابردووی گەلەکەمان و ھەرێمەکەمان.
بەرێزان
زانکۆمان بە گڕوتینێکی زۆرەوە خۆی ئامادەکردووە بۆ پێشوازی لەساڵی نوێ و سەرجەم خوێندکارانی بەیانیان و ئێواران، ھەر لێرەشەوە داوا لەسەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان لەسەرجەم کۆلێج و پەیمانگاو بەشە جیاوازەکانمان دەکەین، ھەر لەگەڵ کردنەوەی دەوامی فەرمی لەسەرجەم دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمدا، ئەوانیش رووبکەنە بەش و کۆلێج و پەیمانگاکانیان، تاوەکو ھەمووان پێکەوەو دەست لەناو دەست ھۆڵەکانی خوێندن پڕبکەین لە زانست و ئاستی زانستی و مەعریفی زانکۆمان ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەرزوبەرزتر بکەینەوە.
خوێندکارانی ئەزیز، مامۆستایانی بەرێز
سەرەتای خوێندنی ئەمساڵمان بێ گرفت نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕاوپڕبوو لە ھەوڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەیی مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانمان، بەجۆرێک لە زۆرێک لە بەشەکانی زانکۆمان لە زۆربەی کۆلێج و پەیمانگاکان ھۆڵەکانی خوێندن بەرووی خوێندکاراندا کرانەوەو پێشوازییەکی شایستە لە خوێندکارانی قۆناغی نوێ کراو بوونەمایەی سەربەرزی بۆ خۆیان و خوێندکاران و کەسوکاریان و ئێمەش.
دەرفەتێکی گونجاوە کە دووبارەی بکەینەوە، داوای مامۆستایان و فەرمانبەران داوایەکی رەوایەو لەجێی خوێدایەتی و ئێمەش وەکو زانکۆمان پشتیوانی داواکانیانین و دووپاتی دەکەینەوە کە پێوستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە جددیتر لە رابردوو بیر لە داواکانیان بکاتەوەو ھەنگاوی خێراتربنێت بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام ناشی شارینەوە کە زیاتر دواخستنی کردنەوەی ھۆڵەکانی خوێندن گرفتی گەورەتر بۆ ئایندەی ھەموولایەکمان دروست دەکات کە ئەو کات قەرەبووکردنەوەیان ئاسان نابێت و پەشیمان و دەستەوەستان دەبین لە ئاستیدا.
بەرێزان
ھیوادارین ساڵی نوێ سەرەتای کرانەوەی گرێی سەرجەم گرفت و قەیرانەکان بێت و ساڵی سەرکەوتنبێت بەسەر تیرۆریستان و تاریک پەرستان و دوژمنانی گەلەکەماندا، ساڵی چارەسەربوونی قەیرانەکان و کۆتایی ھاتنی نەھامەتییەکان بێت، ساڵی نەمانی قەیرانە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھەرێمەکەمان، ساڵی سەرکەوتنی یەکجارەکانی ھێزەکانی پێشمەرگەو چارەسەربوونی پێشمەرگە بریندارەکانمان بێت، سەرەتای رۆژە ئارام و بەختەوەرەکانی گەلەکەمان بێت لەھەموو پارچەکانی کوردستان.
دووبارە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و چاوەروانین ساڵی ٢٠١٧ ساڵی کردنەوەی تەواوەتی سەرجەم دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندنبێت بەرووی خوێندکاراندا.
سڵاوو لە پێشمەرگە
سەری رێز بۆ شەھیدانی نەتەوەکەمان دادەنوێنین
ھیوای چارەسەری خێرا بۆ بریندارانمان دەخوازین
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاکییەگشتییەکان