زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى و زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانى ده‌كه‌ن

  • كانونی دووه‌م 10, 2017
  • 235 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى و زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانى ده‌كه‌ن

به‌یانی ئه‌مڕۆ 27/9/2016 له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى د.دانا ئه‌حمه‌د موسته‌فا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى بۆ كاروباری كارگێڕی‌و دارایی ‌و خوێندكاران پێشوازی كرد له‌ پرۆفیسۆر تۆماس كان سه‌رۆكی په‌یمانگای ولیه‌م جۆینه‌ری سه‌ر به‌زانكۆی (ماسه‌چۆسێتس – بۆستن)ی ئه‌مریكی.

سه‌ره‌تا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى بۆ كاروباری كارگێڕی‌و دارایی‌و خوێندكاران پێشوازی له‌ پرۆفیسۆر تۆماس كان كردو به‌ناوی زانكۆی پۆلیته‌كنیك ‌و سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌ به‌خێرهاتنی كرد، دواتر سه‌رۆكی په‌یمانگای ولیه‌م جۆینه‌ر باسی له‌ هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی كردو رایگه‌یاند، ئه‌وان په‌یمانگەیه‌كی تایبه‌تمه‌ندن به‌ ڵێكۆڵینه‌وه‌و دیراسه‌كردنی ژینگه‌ى ته‌ندروستی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌جه‌نگدان یا به‌قۆناغه‌كانی جه‌نگدا تێپه‌ڕیون.

دواتر پرۆفیسۆر تۆماس كان سه‌رۆكی په‌یمانگای ولیه‌م جۆینه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌م سه‌ردانه‌دا و به‌هاكاری زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی‌ و توێژینه‌وه‌ی زانستی، لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی وورد له‌سه‌ر ژینگه‌ی ته‌ندروستی پارێزگای سلێمانی بكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی تیمێكی زانكۆی كرد بۆ سه‌ردانی كردنی ویلایه‌تی ماسه‌چۆسێتس بۆ شاری بۆستن تاوه‌كو خوولی تایبه‌تمه‌ند ببینن و هاوكاری تیمه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی توێژینه‌وه‌كه‌یان.

لای خۆشیه‌وه‌ د.دانا ئه‌حمه‌د موسته‌فا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى بۆ كاروباری كارگێڕی‌و دارایی‌و خوێندكاران داوای له‌ پرۆفیسۆر تۆماس كان سه‌رۆكی په‌یمانگای ولیه‌م جۆینه‌ری سه‌ر به‌زانكۆی (ماسه‌چۆسێتس – بۆستن)ی ئه‌مریكی كرد كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌شێكبوونه‌ له‌ كاولكاری و زیانمه‌ندی ژینگه‌یی جه‌نگی ئێران – عێراق ‌و كیمیاباران و جه‌نگی ئازادكردنی عێراقن ووردتر توێژینه‌وه‌ی تێدابكرێت ‌و دواتریش له‌رێگه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌وه‌ داوا له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكرێت تاوه‌كو هاوكاربن له‌ پاككردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی ئه‌و ناوچانه‌و نه‌هێشتنی زیانه‌كانی.

جێی ئاماژه‌یه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا رێككه‌وتننامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنی گشتگیر‌و فره‌ لایه‌ن له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆدا ئیمزابكرێت‌و له‌ به‌رواری 12/11/2016شدا ستافی تایبه‌تمه‌ندی زانكۆمان سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات.