لەزانکۆی پۆلیتەکینکی سلێمانی بایکۆت شکێندرا

  • كانونی دووه‌م 10, 2017
  • 269 Views
لەزانکۆی پۆلیتەکینکی سلێمانی بایکۆت شکێندرا

سێ شەممە ١\١١\٢٠١٦ لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، ھۆڵەکانی خوێندن بەڕووی خوێندکاراندا کرانەوەو بایکۆت شکێندرا.

پاش ئەوەی بەھۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتیان کردو ھۆڵەکانی وانە ووتنەوەیان بەجێھێشت، ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی کە سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە، بەگشتی بڕیاریاندا بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە ھۆَڵەکانی وانە ووتنەوە.

لەوبارەیەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو پەیمانگایە لە پەڕەی تایبەتی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە بە ھەوڵی پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و راگرایەتی پەیمانگاو مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگاکە بەگشتی و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خوێندکاران بڕیاریانداوە بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی وانە ووتنەوە.

ھەر لەوبارەیەوە پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند: زۆر سووپاسی راگرایەتی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی و سەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بەزانکۆمان دەکەم، کە بەبێ ھیچ سانسۆرێک و بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لەبەر بەرژەوەندی خوێندکاران، بڕیاریانداوە بچنەوە سەر کارەکانی خۆیان و ھۆڵەکانی خوێندن.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ووتیشی: ئێمە لەبارودۆخ و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی تێدەگەین و باش دەزانین کە قۆناغێکی قورسی ژیانیان بەڕێدەکەن، بەڵام سەرەرای ئەمانەش، ئەوان لەرێگەی شکاندنی بایکۆتیانەوە ئەمڕۆ بەھەموولایەکیان ووت، کە ئەوان ھەمیشە بەرژەوەندی گشتی و خوێندکارانیان لەپێش بەرژەوەندی خۆیانەوە داناوە، بۆیە دووبارە سوپاسیان دەکەین و ھیواخوازین ساڵێکی خوێندنی پڕ لە زانست و زانیاری بەڕێبکەن.