وەزارەتەکانى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا و حەوت لێژنەى پسپۆریاندا

  • 2017-01-10
  • 860 Views
وەزارەتەکانى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و ئێراق بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا و حەوت لێژنەى پسپۆریاندا

وەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێم و ئێراق کۆبوونەوە

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی “پێویستە پێگەو رۆڵی زانکۆ تەکنیکییەکان لەبەرچاو بگیرێت”
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی – بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
بڕیاری پێکھێنانی ئەو لێژنە ھاوبەشەی نێوان وەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق ئەمرۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٣/١١/٢٠١٦) لە میانەی کۆبونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وەزارەت بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەھەرێمی کوردستان و د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی ھات.
لەو چوارچێوەیەداو دوای ئەوەی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی بەسەرۆکایەتی د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی و وەفدی ھاوڕێی لەدیوانی وەزارەت بەگەرمی لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانی دیوانی وەزارەت بەگەرمی پێشوازییان لێکرا کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرھاتنی وەفدی میوانی کردو خۆشحاڵی بەو سەردانەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی: ئەمە یەکەم سەردانی رەسمی وەزیرێکی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقییە بۆ کوردستان، ھیوام ئەوەیە ئەمە سەرەتاییەکی باش بێت لە پەیوەندییەکانی نێوانمان.
پاشادا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی ئێراقی دوای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد وتی: شانازییە کە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، ھیوادارم ئەم سەردانەمان دەرگای خێر بەرەو ڕوی ھەردولامان بکاتەوە، وتیشی: لەڕابردودا رژێمی سەدامی لەناوچوو بەبەرنامەیەکی ھاوبەش ھەوڵی ڕوخاندنی خوێندنی باڵای لە شارەکانی کوردستان و خواروی ئیراقی دەدا، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا میژویەکی تاڵ و ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام ئیستا دەبێ بەرنامەیەکی ھاوبەشمان ھەبێ بۆ داھاتوی خوێندنی باڵا لە ئێراق و ھەرێمی کوردستان.
ھەر لەمیانەی قسەکانیداو سەبارەت بەو کۆڕو کۆنفرانس و وۆرکشۆپانەی کە لەبواری خوێندنی باڵا بەڕێودەچن، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتی: لێرە بەدواوە مەرج بۆ ڕێکخەرانی ئەو وۆرکشۆپ و کۆڕە زانستیانە دادەنێن، بەشێوەیەک دەبێت لە (٥٠%) ڕاھێنەران ئێراقی بن، لەھەمان کاتدا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەشی زۆری ئەو وۆرشۆپ و کۆڕو کۆنفرانسە زانستیانە بێننە شارەکانی کوردستان لە بری ئەوەی لە وڵاتانی دەرەوە بەڕێوەبچێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دانپیانان بەزانکۆکانی یەکترو دۆخی دارایی مامۆستایان و پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوەی ھاوبەش و سەرپەرشتیاری ھاوبەش و سودوەرگرتن لە تویژینەوەو تێزو نامەی ماستەر و دکتۆرای یەکتر و سودوەرگرتن لەو زەمالانەی پێشکەش بەئێراق دەکرێت بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ھەر دوانیوەڕۆی ھەمان رۆژ کۆبوونەوەیەکی دیکە بەبەشدری سەرۆکی زانکۆ خکومی و ئەھلییەکانی ھەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی ھەردوو وەزیری خوێندنی باڵای ھەرێم و ئێراق بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە رەوشی حوێندنی باڵا لەھەرێمی کوردستان و باروگوزرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەبارەوەکرا، دواتریش باس لە کاری زانستی و ھەماھەنگی زیاتری نێوان زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
لە ووتەیەکیشیدا پرۆفیۆری یاریدەدەر دکتۆر ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێمە پێمان باشە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی کوردستان و عێراق زیاتۆ لەیەکتر نزیکبکرێنەوەو وابکرێت پرۆژەی ھاوبەشیان ھەبێت وەکو چۆن ئێمە ئێستا وەکو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ھەنگاومان بۆ ناوەو رێککەوتننامەمان لەگەڵ دەستەی خوێندنی تەکنیکی ئێراق و پەیمانگای تەکنیکی بەسرەش ھەیەو پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەیەو لەجێبەجێکردندایە.
دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکینی سلێمانی داوای کرد کە لەسەرجەم لیژنەو کارە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وەزارەتدا نوێنەری زانکۆ تەکنیکییەکان بوونیان ھەبێت، ئەویش بەو پێیەی ئەم جۆرە زانکۆیانە سروشت و بەرنامەی کاری زانستییان جیاوازەو دەبێت دەست و پێگەیان ھەبێت لە ھەر بڕیارێکدا کە لە نێوان ھەردوو وەزارەتدا دەردەکرێت.
دواتریش لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەیدا کە لەھۆڵی سێنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەئێستادا ئارەزوییەکی تەواوھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندنی باڵا لەنێوان ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەھەرێمی کوردستان و ئێراق، بۆ ئەوەش وتی: دوای دەستبەکاربونی د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەک وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی ھەوڵێکی تەواو ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە میانەی کۆبونەوەکانماندا قسەمان لەسەر کێشەکانی نێوان ھەردوو وەزارەت کرد، وەک ھەنگاوی یەکەم-یش بڕیاری پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵاماندا بەسەرۆکایەتی ھەردو وەزیر بۆ سەرپەرشتیکردنی لێژنە لاوەکیەکان بەتایبەت ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بەدانپیانان بەزانکۆکانی یەکترو متمانەبەخشین و یاساکان و جیاوازی سیستمەکان ھەیە، لە ئێستاشدا کار بۆ دانانی یاسایەکی نوێ بۆ خوێندنی باڵا لە ئێراق دەکرێت و، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەریمی کوردستان بەنوێنەرەکانی بەشدار دەبێت، ئەوەش سەرەتاییەکی باشە بۆ باشترکردنی پەپوەندییەکانمان کە لەم چەند ساڵی ڕابردو سیستی تێکەوتوە.
ھەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی وتی: بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ بەبانگھێشتنی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان لێرەین، ئامادەبونیشمان بۆ گفتوگۆکردنە بۆ ئەوەی بزانین چیبکەین بۆ خوێندنی باڵا لە ئێراق؟، بۆ ئەوەش وتی: ئێمە لە بەغداد پڕۆژەو دیدەمان ھەیە بۆ نمونە ئێستا لەھەوڵدان بۆ ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بەخوێندنی باڵا، چونکە یاساو ڕێنماییەکان کۆنن، ھەربۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەبارەی دەستەی سەربەخۆی خوێندنی باڵا تایبەت بەکوالێتی خوێندنی باڵا کرد، ھەروەک گفتوگۆمان لەبارەی خوێندنی تەکنیکی و ستراتیژی نوێی خوێندنی باڵا و پەروەردە کرد، ھیوادارم ئەو ستراتیژییە لەسەر ئەرز بەشێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ بکەین.
سەبارەت بەدانپیانانیش بەزانکۆ تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقیەوە، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتی: یاسای خوێندنی تایبەت لە ئێراقی تازە پەسند کراوە، لە ئێستادا لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕێنماییەکانین، بدوای داڕشتنی ڕێنماییەکان و بەپێیی پێوەرەکان و گەڕانیشیمان بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریان لەبارەوە دەدەین.
ھەر لە پەراوێزی کۆبونەوەکانداو لەسەر ڕاسپاردەی وەزیرانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق بڕیاری لێژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و، د.عبدوالرەزاق عەبدول جەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی ئێراقی و ئەندامێتی ڕاویژکارانی و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ھەردو وەزارەت درا، لەھەمانکاتدا بڕیاری پێکھێنانی (٧) لێژنەی پسپۆڕیش لەم بوارانەی خوارەوە درا:

1. خوێندنی بەکالۆریۆس
2. توێژینەوەی زانستی
3. دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین
4. پێدانی متمانەو تۆمارکردنی زانکۆ تایبەتەکان
5. لێژنەی پلانی ستراتیژی نیشتیمانی پەروەردەو خوێندنی باڵا
6. لیژنەی ناردن و زەمالەی خوێندن
7. لێژنەی تایبەت بەیاساو ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا
http://www.mhe-krg.org/ku/node/3131