بــۆ ســلــێــمــانـــى

  • كانونی دووه‌م 10, 2017
  • 301 Views
بــۆ ســلــێــمــانـــى

سلێمانى، پایته‌ختی رۆشنبیری، ئه‌و شاره‌ی كه‌ له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى ژیانی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری‌و هونه‌ری كوردستاندا، له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى شۆرش‌و خه‌بات‌و به‌رخۆدان‌و ئیداری‌و حوكمڕانی كوردستان، پێشه‌نگبووه‌و پێشه‌نگ ده‌بێت‌و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.

پیرۆزبێت یادی 232 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سلێمانى، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆو سه‌رجه‌م راگرو مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی زانكۆمان ده‌كه‌ین و ئیومێده‌وارین ببێته‌ مایه‌ی ده‌ستپێكێكی نوێ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری شاری سلێمانى و خه‌ڵكه‌ خۆڕاگرو بوێرو رچه‌شكێنه‌كه‌ی.

به‌رێزان…

ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا یادی دامه‌زراندنی سلێمانی، شاره‌ حه‌یات‌و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كوردستانمان به‌ گشتی به‌ قۆناغێكی خراپدا تێده‌په‌ڕێت، بارودۆخێك كه‌ هه‌مووان به‌بێ جیاوازى تێیدا زه‌ره‌مه‌ندین و زیان به‌ركه‌وتووین، به‌جۆرێك كه‌ كارو گوزه‌رانی هاوڵاتیان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی زانكۆش به‌گشتی له‌رووی داراییه‌وه‌ بارودۆخیان خراپه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به‌هه‌وڵی دڵسۆزانی ئه‌وه‌تا زانكۆ هۆڵه‌كانى به‌رووی خوێندكاراندا كردۆته‌وه‌و دیسانه‌وه‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران مه‌شخه‌ڵی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ به‌ نه‌وه‌كانى ئێسته‌و ئاینده‌ ده‌ڵێن، ئێوه‌ به‌ زیندووی و به‌ خوێنده‌واری ده‌مێننه‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌تان هه‌یه‌.

له‌رووی سیاسیشه‌وه‌ كوردستان له‌ ژانی له‌دایكبوونی قۆناغێكی نوێی سیاسی، ئیداری، حوكمڕانیدا، كه‌ ئه‌گه‌ربێت‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ هۆشیاری و دوور له‌ بیری ته‌سكی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبییه‌وه‌ له‌ دۆخه‌كه‌و ئاینده‌ نه‌ڕوانن، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان و كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ده‌كه‌ونه‌ به‌ر تیغی نه‌شته‌ری دابه‌شكاریی و هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دوور نییه‌ سایكس بیكۆیه‌كی دیكه‌ به‌ناوو فۆرمێكی خراپتر له‌ویشه‌وه‌ رووبه‌روومان ببێته‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش مێژوو لێیان خۆشنابێت و ره‌حمیش به‌ هیچ حزب و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی ناكات.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین…

سڵاو له‌ سلێمانى پایته‌ختی رۆشنبیری و شاری بوێری، سڵاو له‌ خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌ن و خۆڕاگرو ره‌چه‌شكێنه‌كه‌ی سلێمانى.

سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌، دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، هیوای شیفای خێرا بۆ بریندارانمان ده‌خوازین.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندن و چالاكییه‌گشتییه‌كان

زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى