مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ۆركشۆپێكی نێوده‌وڵه‌تیدا بەشدارى دەکات

  • كانونی دووه‌م 15, 2017
  • 314 Views
مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ۆركشۆپێكی نێوده‌وڵه‌تیدا بەشدارى دەکات

مامۆستایه‌كی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ۆركشۆپێكی نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌ له‌ سڕبیا و له‌لایه‌ن پرۆگرامی داهێنانی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ فه‌ندكرابوو، وانه‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و بووه‌ جێگه‌ى سه‌رنجى هه‌موو ئاماده‌بوون و به‌ پرۆژه‌یه‌كى گرنگ و سوود به‌خش وه‌سفكرا.

د.ڕۆژین كه‌مال محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی و مامۆستا و توێژه‌ری كارا له‌ به‌شی پلانسازی شار و سه‌رپه‌رشتیاری نوێی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بانگهێشتكرا بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌یه‌ك له‌ ۆرك شۆپێكى نێوده‌وڵه‌تیدا كه‌ له‌ شارى به‌لگرادى پایته‌ختى سڕبیا رێكخرابوو، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵی به‌كاروبارى زانكۆوه‌ د.رۆژین كه‌مال نه‌یتوانی سه‌فه‌ر بۆ شارى به‌لگراد بكات، دواتر له‌سه‌ر بانگهێشتی ڕێكخه‌رانی ۆرك شۆپه‌كه‌ به‌ ئۆنلاین وانه‌یه‌كى 45 ده‌قیقه‌كه‌ی له‌ژێر ناونیشانی ته‌كنه‌لۆجیای ئۆگمێنتد ڕیاڵتی (Augmented Reality) بۆ ژیاندنه‌وه‌ی مێژوو پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی ۆرك شۆپه‌كه‌ كرد.

له‌ وانه‌كه‌یدا د.ڕۆژین كه‌مال تیشكی خسته‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندن و به‌كارهێنانه‌ كاریگه‌ره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیای ئۆگمێنتد ڕیاڵتی له‌ بواری كه‌له‌پووری و دیزاینكردنی مۆزه‌خانه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین نموونه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ندێكیان پڕۆژه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆی بوون كه‌ له‌ وڵاته‌كانی كه‌نه‌دا و نیوزله‌ندا پێشكه‌شیكردبوون.

به‌پێی ئیمه‌یڵی سووپاسنامه‌ی ڕێكخه‌رانی ۆرك شۆپه‌كه‌، وانه‌ و پڕۆژه‌كانی مامۆستاكه‌ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجی ئاماده‌بووانی ڕاكێشاوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ فۆڕمی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاماده‌بوواندا وانه‌كه‌ی د.ڕۆژین كه‌مال به‌ گرنگ و زۆر سوودبه‌خش وه‌سفكراوه‌.

ده‌رباره‌ى ته‌كنه‌لۆجیای ئۆگمێنتد ڕیاڵتی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داهێنانه‌ سه‌رده‌میانه‌ خێراگه‌شه‌سه‌ندووه‌كان، د.ڕۆژین كه‌مال محه‌مه‌د وتى: له‌ زانكۆكانی كوردستاندا ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر به‌ كه‌می بیستراوه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر كه‌م كه‌س له‌ كوردستاندا ئاشنایه‌تیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی و ڕۆڵی گه‌شه‌سه‌ندووی ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ له‌ بواری ته‌لارسازی و پلانسازیدا (به‌ گشتی) و له‌ بینای كه‌له‌پووری و مۆزه‌خانه‌كاندا (به‌ تایبه‌تی)، به‌ڵام كۆلێژ و به‌شه‌ ته‌لارسازی و پلانسازیه‌كانی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان به‌رده‌وام سه‌رقاڵی دانانی كۆرس و پڕۆگرامی خوێندنی به‌كالۆریۆس و خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ن له‌سه‌رخوێندن و به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و دیجیتاڵی وه‌ك ئۆگمێنتد ڕیاڵتی له‌ پڕۆژه‌ ته‌لارسازی و پلانسازیه‌كاندا.

د.ڕۆژین كه‌مال وتیشى: به‌ هاوكارى و پشتگیری زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامداین بۆ فێركردن ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌رده‌میانه‌یه‌ و وه‌رگرتنی فه‌ند بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی هاوشێوه‌ له‌ كوردستاندا.

له‌م لینكه‌ى خواره‌وه‌ لە چەند خولەکى کۆتاییدا ده‌توانن گوێبیستى سیمینارى پرۆفیسۆرێكی زانكۆی ڕێدینگی به‌ریتانیا ببن كه‌ ئاماژه‌ به‌ گرنگی توێژینه‌وه‌كانی د.ڕۆژین كه‌مال ده‌كات له‌و بواره‌ سه‌رده‌میانه‌دا به‌مه‌به‌ستى پاراستن و ده‌رخستنی كه‌له‌پووری و مۆزه‌خانه‌.

https://podcasts.ox.ac.uk/rashid-international-formulating-future-iraqs-past-english