سەرۆکی زانکۆ پەیمانگای تەکنیکی کەلاری بەسەرکردەوە

  • 2017-01-19
  • 638 Views
سەرۆکی زانکۆ پەیمانگای تەکنیکی کەلاری بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەیاوەری شاندێک، سەردانی پەیمانگای تەکنیکی کەلاری کردو لەگەڵ راگرایەتی سەرۆک بەشەکانی پەیمانگاکە کۆبووەوەو بەشە جیاجیاکانی پەیمانگاکەی بەسەرکردەوە.
لەسەرەتادا سەرۆکی زانکۆو شاندی یاوەری لەلایەن د.ئەیاد فایق شەھاب راگری پەیمانگای تەکنیکی کەلار و یاریدەدەری راگرو سەرۆک بەشەکانی پەیمانگاکەوە پێشوازی لێکراو سەردانی یەکە ئیدارییەکانی راگرایەتی پەیمانگاکەیان کردو دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا راگری پەیمانگای تەکنیکی کەلار بەخێرھاتنی پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆو شاندی یاوەری کردو باسی لەکارو چالاکییەکانی پەیمانگاکەیان کرد بۆ خزمەتی خوێندکاران و ھەروەھا روونیشیکردەوە کە وەکو پەیمانگاکە بەھیچ جۆرێک بایکۆتیان نەکردووەو پشتیشیان لەداواو داخوازی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگاکەیان نەکردووەو بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی پشتیوانی و ھەماھەنگی ھەمیشەی سەرۆکی زانکۆی کرد.
دواتر لە ووتەیەکیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین زۆر بەگەرمی سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەیمانگای تەکنیکی کەلاری کردو رایگەیاند: ھەمیشە نمونەی ئێوەی دڵسۆز جێگەی شانازین بۆ زانکۆکەمان و ناوچەکەتانء کوردستانیش، بۆ ھەڵوێستی زانست دۆستانەتان ھەمیشە سوپاس گوزارتانم و ھیوام وایە بتوانین لەرێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیء حکومەتی ھەرێمەوە ئەم ھەڵوێستەتان لەبەرچاو بگیرێت و لە نزیکترین کاتدا داواکارییەکانتان بۆ جێبەجێ بکرێت.
دواتر ھەریەک لەسەرۆک بەشەکانی پەیمانگاکە، کارو چالاکی و گرفت و داواکارییەکانی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆ کردو ھەندێک پێشنیاریشیان بۆ زیاتر پێشخستنی پەیمانگاکەیان خستەروو و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیش بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ گرفتەکانان پێدان و رایگەیاند، ئێمە لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی بتوانین باشترینەکان پێشکەش بە خوێندکارانمان بکەینء بۆ ئەو مەبەستەشء پاش کردنەوەی خوێندنی ئیواران لە زانکۆماندا ھەڵەکانمان چڕتر کردۆتەوەو دڵنیام بە ھەوڵی ھەموومان ھەر لەسەرەتای دەست پێکردنی دەوامی خوێندنی ئێوارانەوە ئەو ھەوڵانەمان بەرھەمیان دەبێت و ئاستی زانستی زانکۆشمان بەرەو بەرزتر ھەنگاودەنێت.
دواتر سەرۆکی زانکۆ بەشە زانستییەکان و بەشە ناوخۆیی پەیمانگاکەی بەسەرکردەوەو بەڵێنی پێدان ھەندێک لە گرفتەکانیان بۆ چارەسەربکات و ئەوەشی لە دەسەڵاتی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیراندابێت بەزووترین کات ئاراستەی ئەو لایەنانەی بکات و بەدواداچوونی ووردی بۆ بکات.

جێی ئاماژەیە شاندی یاوەری سەرۆکی زانکۆ پۆلیتەکنیکی سلێمانی پێکھاتیوون لە ھەر یەک لە بەرێزان پ.ی.د.حەکیم عوسمان راگری کۆلێژی تەکنیکى کارگێری و ئەنداریاری و ئارام بکر بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاکییەگشتییەکان و زرنگ یحی سعید بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزرای و یاسایی و دانا محمد کریم بەرێوەبەرى بەشەناوخۆییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.