سیمینارێک لەسەر پڕۆژەى سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن پێشکەش دەکرێت

  • 2017-01-24
  • 658 Views
سیمینارێک لەسەر پڕۆژەى سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن پێشکەش دەکرێت

لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بە سەرپەرشتى رێکخراوى ( IREX )ى ئەمریکى سیمینارێک لەژێر ناونیشانى سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن (Leadership and Managment) بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22/1/2017 زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەهاوبەشى لەگەڵ رێکخراوى ( IREX ) لە هۆڵى پیرەمێردى زانکۆ و بەئامادەبوونى د.سۆران سەعید یاردەدەرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بۆ کاروبارى زانستى و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی و خوێندکاران، سیمینارێک لەژێر ناونیشانى سەرکردایەتى و بەڕێوەبردن (Leadership and Managment) بۆ سەرجەم ڕاگر و یاریدەدەرى ڕاگر و سەرۆک بەشەکانى کۆلێج و پەیمانگاکان و هەروەها بەڕێوەبەرەکانى سەر بە زانکۆکە رێکخرا.

لە سیمینارەکەدا پ.ى.د.هۆشیار ئەمین ئەحمەد و بەڕێوەبەرى کاروبارى زانستى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر ئامانجەکانى پرۆژەکەى خستەڕوو وتى: ئەم پرۆژەیە بۆ بنیاتنانى کەسانى سەرکردە و بەڕێوەبەرە بەشێوەیەکى پراکتیکى نەک تیۆرى ئەوەش لەپێناو دروستکردنى گۆڕانکارى ئەرێنی لە سیستمى بەڕێوەبردن و باشتر رایکردنى ئەرک و کارەکانى بەڕێوەبەرایەتى و بەش و یەکەکان،لە سیمینارەشدا باسى چۆنێتى پێشکەش کردن بۆ ئەم پرۆژەیە کرا، کە بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕاگر و یاریدەدەرى ڕاگر و سەرۆک بەشەکانى کۆلێج و پەیمانگاکان و هەروەها بەڕێوەبەرەکان دەتوانن لە رێگەى ئۆنلاینەوە تا 31/1/2017 ناو تۆمار بکەن.

پ.ى.د.هۆشیار ئەمین ئەحمەد وتیشى: دواى تۆمارکردنى ناوەکان لە هەر سێ زانکۆکەى پۆلیتەکنیک لە رێگەى چاوپێکەوتنەوە 24 کەس هەڵدەبژێردرێن واتە لەهەر زانکۆیەک 8 کەس، کە خولى تایبەت بە هونەرى سەرکردایەتی کردن و بەڕێوەبەرەبردنیان پێدەوترێتەوە.

سەبارەت بە گرنگى پڕۆژەکە د.سۆران سەعید یاردەدەرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بۆ کاروبارى زانستى ئاماژەى بەوەکرد: ئەم پڕۆژەیە وا دەکات چۆن بتوانرێت سەرکردەیەک یاخود بەڕێوەبەرێکى سەرکەوتوو دروست بکرێت بۆیە لە ئێستادا راگر و بەڕێوەبەرەکان و لێپرسراوى یەکەکان زۆر پێویستیان بەم جۆرە سیمینار و کۆرسانە دەبێت تاکو سوودمەند بن و بتوانن بەشێوەیەکى زۆرباش مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و فەرمانبەراندا بکەن.

د.سۆران سەعید وتیشى: ئەم پڕۆژەیە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمەوە پێشنیاز کراوە بۆ زانکۆکانى پۆلیتەکنیک کە رێکخراوى( IREX ) ى ئەمریکى سەرپەرشتى دەکات، وەکو زانکۆش تاکو ئێستا دوو پرۆژەى هاوبەشمان لەگەڵ رێکخراوى ( IREX ) هەبووە و لەئێستاشدا پرۆژەیەکى هاوبەشمان هەیە لە بوارى ژینگەیی دا بۆیە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانى کارە هاوبەشەکانمان لە بوارەکانى تردا.

لە بەشێکى ترى سیمینارەکەدا، مامۆستا سەرخێڵ سیروان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن و تەکنیکی پیشەیی سەر بە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى تایبەتمەندی و بنەماکانى سەرکردە و بەڕێوەبردنى بۆ ئامادەبووانى سیمینارەکە روونکردەوە و پاشان لەلایەن ئامادەبوانیشەوە چەندین پرسیار و تێبینى و سەرنج ئاڕاستەکران.