زانکۆی تاران بە پلەی (ئیمتیاز) دکتۆرا بە مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەبەخشێت

  • 2017-01-25
  • 1067 Views
زانکۆی تاران بە پلەی (ئیمتیاز) دکتۆرا بە مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەبەخشێت

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە زانکۆی تاران بڕوانامەی دکتۆرا بە پلەی (ئیتمیاز) بەدەستدەهێنێت کە یەکەمجارە ئەو پلەیە بە کوردێک ببەخشرێت، لە هەمان کاتدا زانکۆکە خەڵاتى خوێندکارى نموونەیشی پێدەبەخشێت.

د.کارزان محەمەد مامۆستا لە بەشی راگەیاندنی زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى رایگەیاند: دوای هەوڵ و ماندوبوون و کۆششێکی زۆر، توانیم بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری (بەڕێوەبردنی میدیا) بە پلەی ئیمتیاز لە کۆلێژی بەڕێوەبردنی زانکۆی تاران لە ئێران بەدەستبهێنم، نامەی دکتۆراکەشم لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئیتیکی رۆژنامەگەری کوردی لە هەرێمی کوردستانە، وتیشى: بەهۆی بەرزی نمرەی کۆرساتیشمەوە لە زانکۆکەدا، توانیم خەڵاتی خوێندکاری نمونەیی بەدەستبهێنم کە ئەمە یەکەمجارە بە کوردێک ببەخشرێت.

مامۆستاکەى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وتیشى: ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆی پایاننامەکەم پێکهاتبوو لەپرۆفیسۆر (د.باقر ساروخانی) سەرۆکی لیژنە، د.مەهدی شەریفی ئەندام، د.رۆشندڵ ئەربیتانی راوێژکاری ناوخۆیی، د.سامان فەوزی راوێژکاری بیانی و پرۆفیسۆر موجتەبا ئەمیری ئەندام و سەرپەرشتیار.

شایانی باسە ئەم مامۆستایە پێشتر کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی چاپکردووە کە بریتین لە:

– تیرۆر و تیرۆریزم، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووی و شیکاری کە دوو جار لە ماوەی ساڵانی (2005-2009) چاپ کراوە.

– سانسۆری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری، ساڵی چاپ (2012).

– رۆژنامەنووس و تاوانەکانی راگەیاندن، لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری، ساڵی چاپ (2013).

– جینۆسایدی هەڵەبجە لە راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا، ساڵی چاپ (2016).