بنیاتنانى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ ده‌كرێت

  • كانونی دووه‌م 30, 2017
  • 523 Views
بنیاتنانى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ ده‌كرێت

وه‌فدێكى باڵاى زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ شارى سنه‌ سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌كات و لێكتێگه‌یشتنێكى زانستى هاوبه‌ش له‌پێناو پته‌وكردن و گه‌شه‌پێدانى ناوه‌نده‌كانى خوێندنى باڵا و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا واژۆ ده‌كه‌ن و نه‌خشه‌ رێگاى بنیاتنانى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵا ( ناوه‌ندێكى گه‌شه‌پێدانى ته‌كنیكى ) له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن كه‌ به‌كردنه‌وه‌ى یه‌كه‌مین سه‌نته‌رى خوێندنى باڵا ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى عێراق.

له‌لایه‌ن پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و د.دانا ئه‌حمه‌د یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارایی و خوێندكاران و به‌ختیار عوبێد شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌رى تۆمارى گشتى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى پێشوازی له‌ وه‌فده‌ باڵاكه‌ى زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ سنه‌ ده‌كرێت كه‌ پێكهاتبوون له‌ ( د.موحه‌مه‌د قوربان كیانى سه‌رۆكى زانكۆ، د.ئومێد وه‌رزه‌نده‌ به‌ڕێوه‌به‌رى نێوده‌وڵه‌تى له‌ زانكۆى زانكۆى ئازادی ئیسلامی، ناسر به‌همه‌نى لێپرسراوانى خوێندكارانى ده‌ره‌وه‌ له‌ زانكۆى ئازادى ئیسلامی و ئاغا ئه‌حمه‌دیان نوێنه‌رى كونسوڵى كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ سلێمانى )، دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكى زانستى و ئه‌كادیمى گرنگ ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان پلان و نه‌خشه‌ رێگاى بنیاتنانى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵایه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هاوبه‌شى و هه‌ماهه‌نگى هه‌ردوو زانكۆ.

سه‌ره‌ڕاى ده‌ربڕى خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌ردانكردنه‌وه‌ى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى د.موحه‌مه‌د قوربان كیانى سه‌رۆكى زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ سنه‌ وتى: مه‌به‌ست له‌م سه‌ردانه‌مان جێبه‌جێكردنى خاڵه‌كانى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌یه‌ كه‌ پێشووتر له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئیمزامان كردووه‌، به‌پێی خاڵه‌كانى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ش كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌شانه‌مان له‌ئه‌ستۆدایه‌ له‌سه‌ر داخوازى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، ئێمه‌ش به‌ ناردنى مامۆستا و دابینكردنى بنه‌ماى زانستى كار بۆ كردنه‌وه‌ و رێكخستنى ئه‌و به‌شانه‌ ده‌كه‌ین.

د.موحه‌مه‌د قوربان كیانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له‌گه‌ڵ پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین گفتوگۆیان له‌سه‌ر پلان و رێگاكانى دامه‌زراندنى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵا ( ناوه‌ندێكى گه‌شه‌پێدانى ته‌كنیكى ) كردووه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ پێشنیازیان كردووه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى و به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بنیاتبنرێت، له‌م سه‌نته‌ره‌دا ئه‌و بیرۆكانه‌ى نوێكارى و داهێنانیان تێدایه‌ و له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن پشتگیر بكرێت و له‌ بیرۆكه‌وه‌ بكرێته‌ كرده‌ واته‌ بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، پاشان له‌لایه‌ن هه‌ردوو زانكۆوه‌ بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بدرێته‌ خوێندكاره‌كان، وتیشى: له‌ سه‌ردانمان بۆ لاى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو دواى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى به‌ڕێزیان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كار بۆ جێبه‌جێكرنى ده‌كه‌ین.

وه‌فدى باڵاى زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ سنه‌ سه‌ردانى په‌یمانگاى كۆمپیۆته‌ری سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانییان كرد و پاشان سه‌رجه‌م به‌ش و هۆڵه‌كانى خوێندنى زمانى ئینگلیزى و تاقیكردنه‌وه‌ى ( IELTS )یان له‌ سه‌نته‌رى زمانى ئینگلیزى زانكۆكه‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌.

دواتر له‌ هۆڵى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى لێكتێگه‌یشتنێكى زانستى هاوبه‌ش له‌پێناو پته‌وكردن و گه‌شه‌پێدانى ناوه‌نده‌كانى خوێندنى باڵا و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌لایه‌ن پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین و د.موحه‌مه‌د قوربان كیانى له‌ نێوان زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ سنه‌ واژۆكرا.

له‌ لێدوانێكدا به‌ختیار عوبێد شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌رى تۆمارى گشتى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتى: ساڵى رابردوو لێكتێگه‌یشتنێكى زانستى له‌ نێوان زانكۆمان و زانكۆى ئازادى كوردستان له‌ سنه‌ واژۆ كرا، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆش رێكه‌وتننامه‌ى جێبه‌جێكردنى سه‌رجه‌م بڕگه‌كانى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ زانستییه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆ واژۆ كرا، ئه‌م رێكه‌وننامه‌یه‌ زیاتر چڕكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نووسینگه‌ى هه‌ردوولا كاراتر و باشتر بڕگه‌كانى لێكتێگه‌یشتننامه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌ داهاتێكى دارایی بۆ هه‌ردوو زانكۆ و ته‌نانه‌ت حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌یه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى تۆمارى گشتى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتیشى: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر سێ خاڵى گرنگ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و كورته‌ خولانه‌ى كه‌ بازاڕى كارى هه‌رێمى كوردستان پێویستى پێیه‌تى كه‌ پێیده‌وترێت (تڤێت)، هه‌روه‌ها پشتگیركردنى بیرۆكه‌ و ئایدیاى نوێ تاكو ببێته‌ پرۆژه‌یه‌كى پراكتیكى كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌ دامه‌زرانى سه‌نته‌رێكى خوێندنى باڵا ( ناوه‌ندێكى گه‌شه‌پێدانى ته‌كنیكى ) ده‌بینێته‌وه‌ دواى ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌رێم هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕكردنى خوێندكاران و مامۆستایان له‌ نێوان هه‌ردوو زانكۆدا.

زانكۆى ئازادی ئیسلامی له‌ شارى سنه‌ یه‌كه‌مین زانكۆى نێوده‌وڵه‌تی ئه‌هلییه‌ له‌ وڵاتى ئێران و خاوه‌نى چه‌ندین لقه‌ له‌ وڵاته‌كانى ئه‌وروپا و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.