بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق خولی (پرۆگرامی سەلامەتی خۆراک) لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرایەوە

  • ئازار 14, 2017
  • 478 Views
بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق خولی (پرۆگرامی سەلامەتی خۆراک) لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرایەوە

بەئامانجی زیادکردنی ووشیاری تەندروستی خۆراک و پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان، بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و لەشاری سلێمانی خولی (پرۆگرامی سەلامەتی خۆراک) لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جێ بەجێ دەکریت.
ئەم پرۆگرامە بۆ ماوەی سێ ساڵە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و لەلایەن ھەرسێ ڕێکخراوی (سەنتەری ووشیاری تەندروستی و ڕێکخراوی سەلامەتی پیشەیی و ڕێکخراوی کورد ژین )ەوە ئامادەکراوەو لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە پشتگیری کراوەو شوێنی گونجاوی بۆ بەڕێوەچوونی خولەکان ئامادەکردووە.
دکتۆر عبدالفتاح محمد ھەورامی وەک سەرپەرشتیاری خولەکە بۆ سایتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگەیاند:
خولی (پرۆگرامی سەلامەتی خۆراک) یەکێکە لە گرنگترین ئەو پرۆگرامە نێو دەوڵەتیانەی کە بایەخێکی زۆری پێدەدرێت بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی ھاوڵاتیانەوە.
ھەروەھا ڕایگەیاند، خولەکە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و ھەرڕۆژەی خولێک لەسەر بابەتێکی دیاریکراو دەوترێتەوە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر.
پاشان دکتۆر عبدالفتاح ووتی، ئەو کەسانە بانگھێشت کراون کە لەبواری چێشتخانەو لەھۆتێلەکان و ھاوشێوەکانیان کاردەکەن لەگەڵ چەند ئەندامێک لە لیژنە حکومییەکانی ئابوری و تەندروستی و گەشتوگوزارو قائیمقامیەت، بەئامانجی سوودوەرگرتنی زیاتر لەو پرۆگرامە.
ھەروەھا ئاماژەی کرد بەوەی کە ھەرخولەی لەلایەن سێ مامۆستای پسپۆرەوە دەوترێتەوەو ھەر بەشداربوویەک لەکۆتایی خولەکەداو لەپاش سەرکەوتنی لەتاقیکردنەوەدا بڕوانامەی بەشداربوونی پێدەبەخشرێت.