به‌سه‌ركه‌وتوویی خولى (پرۆگرامى سه‌لامه‌تى خۆراك) كۆتاییهات

  • ئازار 19, 2017
  • 319 Views
به‌سه‌ركه‌وتوویی خولى (پرۆگرامى سه‌لامه‌تى خۆراك) كۆتاییهات

له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى خولى (پرۆگرامى سه‌لامه‌تى خۆراك) به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆتاییهات و بڕوانامه‌ به‌سه‌ر به‌شداربووانى خوله‌كه‌دا دابه‌شكرا كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ خولى له‌و جۆره‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئێواره‌ى 16\3\2017 به‌ ئاماده‌بوونى پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومى و مامۆستایانى زانكۆ، له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ هۆڵى سه‌نته‌رى رۆشنبیرى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى كۆتایی به‌ خولى ( پرۆگرامى سه‌لامه‌تى خۆراك ) هات و 24 به‌شداربووى خوله‌كه‌ بڕوانامه‌یان پێبه‌خشرا.

له‌ وته‌یه‌كدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لى ئه‌مین خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى كه‌ خوله‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆتاییهات و پیرۆزبایی خۆشى ئاڕاسته‌ى به‌شداربووانى خوله‌كه‌ كرد و پشتیوانى ته‌واویشى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر خول و چالاكییه‌ك ده‌ربڕى كه‌ بێته‌ هۆى به‌ره‌وپَشچوونى خوێندكاران به‌ تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگا به‌ گشتى.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتى: زانكۆ ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ بێت بتوانێت به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ حكومى و مه‌ده‌نییه‌كان ئه‌م شێوازه‌ له‌ خولى راهێنان پێشكه‌ش به‌ ئاره‌زوومه‌ندان بكات، تاكو رۆڵى سه‌ره‌كى هه‌بێت له‌ بنیاتنانى كۆمه‌ڵگایه‌كى رۆشنیبر و ته‌ندروستدا.

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستیى پارێزگاى سلێمانى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه‌ى حكومى بڕوانامه‌ به‌سه‌ر به‌شداربووانى خوله‌كه‌دا دابه‌شكرا.

رۆڵى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى له‌لایه‌ن د.عه‌بدولفه‌تاح محه‌مه‌د هه‌ورامى سه‌رپه‌رشتیارى خوله‌كه‌وه‌ به‌رزنرخێنرا و رایگه‌یاند: به‌ پشتیوانى و پاڵپشتى زانكۆ پۆلیته‌كنیكى سلێمانى توانیمان ئه‌م خوله‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، زۆر سوپاسی د.ئالان فه‌ره‌یدون ده‌كه‌ین كه‌ زۆر هاوكارمان بوو به‌ پشتیوانى مه‌عنه‌ویی و زانستى و هه‌روه‌ها دابینكردنى شوێن.

سه‌باره‌ت به‌ خوله‌كه‌ د.عه‌بدولفه‌تاح محه‌مه‌د هه‌ورامى وتى: ئه‌م پرۆگرامه‌ پرۆگرامێكى نوێیه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان فێرخوازان ئاماده‌ ده‌كرێن كه‌ به‌شێوازێكى ته‌ندروست خۆراك پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان بكه‌ن، كه‌ بۆ ماوه‌ى 20 كاتژمێر رێنمایی و راهێنان به‌ شێوازى تیۆرى و پراكتیكى به‌ به‌شداربووانى خوله‌كه‌ دراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى خۆراك،هه‌ندێك له‌ به‌شداربووانى خوله‌كه‌ سه‌ر به‌ لیژنه‌كانى قائیمقامیه‌ت و ته‌ندروستى و ڤێتنه‌رى پارێزگاى سلێمانى بوون و هه‌ندێكیشیان له‌ هۆتێل و چێشتخانه‌كان كارده‌كه‌ن، له‌ داهاتووشدا به‌رده‌وامى به‌مجۆره‌ خول و پرۆگرامانه‌ ده‌ده‌ین.

د.ئه‌ركان مه‌نوچه‌ر پسپۆڕى ته‌ندروستى گۆشت ئاماژه‌ى به‌ گرنگى ئه‌م جۆره‌ خول و پرۆگرامانه‌ كرد و وتى: ئه‌م خوله‌ زۆر ناوازه‌ و گرنگه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و عێراق و هه‌نگاوێكى زانستییه‌، له‌ وڵاتانى پێشكه‌وتوودا هیچ كارمه‌ندێك ناتوانێت له‌ كه‌رتى خۆراكدا كار بكات ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌یه‌كى له‌م شێوه‌ى زانستى سه‌لامه‌تى خۆراكى نه‌بێت، زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى پیشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌م خوله‌ ناوازه‌ بوو به‌ دابینكردنى هۆڵ و كه‌ره‌سته‌ى زانستی بۆیه‌ لێره‌وه‌ زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین.

ماوه‌ى سێ ساڵه‌ ئاماده‌كارى بۆ ئه‌م خوله‌ ده‌كرێت و له‌لایه‌ن هه‌ر سێ رێكخراوى ( سه‌نته‌رى هۆشیارى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى پیشه‌یی و كورد ژین )ه‌وه‌ و به‌ هاوكارى كۆمه‌ڵه‌ى چێشتخانه‌ و میوانخانه‌كانى كوردستان ئاماده‌كراوه‌ و له‌لایه‌ن زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانییه‌وه‌ پشتگیری كراوه‌ و شوێنى گونجاو و كه‌ره‌سته‌ى پێویستى بۆ به‌ڕێوه‌چوونى خوله‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌.