یەكەمین بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەندازیاری گەیاندن بەدەستهێنرا

  • نیسان 21, 2017
  • 1559 Views
یەكەمین بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەندازیاری گەیاندن بەدەستهێنرا

یەكەمین بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەندازیاری گەیاندن بەدەستهێنرا

دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری راگرایەتی و بەشی ئەندازیاری گەیاندن ئەمڕۆ 17ی نیسانی 2017 بۆ یەكەمینجار لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری بەشی ئەندازیاری گەیاندن خوێندكار ئەڤین روؤف توانی بڕوانامەی ماستەر بەدەستبهێنێت و لەلایەن لیژنەكەشەوە نامەی ماستەرەكەی پلەی زۆر باشەی پێدرا.

مەراسیمی گفتوگۆی ماستەرنامەی خوێندكاری خوێندنی باڵا، ئەڤین روؤف لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو، كە تێیدا بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی هەریەكە لە بەڕێزان (پ.ی.د.حەكیم عوسمان) راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری و بەڕێز دكتۆر جاسم محەمەد یاریدەدەری راگر بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و بەڕێز مامۆستا محەمەد عەبدوڵا سەرۆك بەشی ئەندازیاری گەیاندن ئامادەی بوون.

هەروەك لە مەراسیمەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری و بە تایبەت مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی ئەندازیاری گەیاندن و هاوڕێی و كەسوكاری خوێندكار ئامادەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكە بوون.

ئەندامانی لیژنەكەش پێكهاتبوون لە بەڕێزان (د. صلاح اسماعیل یحیی سەرۆكی لیژنە، د. هەیسەم كریم علی ئەندام/، د. ئاراز سابیر ئەندام/، د. اسعد عبدر جاسم، مشرف)

لە سەرەتادا توێژینەوەكە بەناونیشانی (Analysis and design of on-body wearable antenna for wireless communtions ) لەلایەن خوێندكار ئەڤین روؤف پێشكەشكرا، پاشان لەلایەن ئەندامانی لیژنەكەوە گفتوگۆی ورد لە بارەی تێبینییەكانیانەوە ئەنجامدرا كە گفتوگۆكان ماوەی زیاتر لە چوار كاتژمێری خایاند.

دواتر نامەی ماستەرنامەكە لەلایەن لیژنەكەوە بە پلەی زۆرباشە وەرگیراو ئەندامانی لیژنەو مامۆستاو ئامادەبوانیش پیرۆزبایی گەرمیان ئاڕاستەی خوێندكار ئەڤین روؤف كردو هیوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ خواست، هەروەك ئومێدیان خواست ناوبراو بتوانێت لە داهاتوودا خزمەتی زیاتری خوێندكاران و بەشەكەی بكات.

لای خۆشیەوە بەڕێز مامۆستا محەمەد عەبدوڵا سەرۆكی بەشی ئەندازیاری گەیاندن رایگەیاند “وەك تەواوی مامۆستایانی بەشەكەمان زۆر دڵخۆشین بەوەی ئەمڕۆ بۆ یەكەمینجار خوێندكارێكمان توانی بڕوانامەی ماستەر بەدەستبهێنێت و خۆشبەختانەش لە سبەی خوێندكارێكی دیكەمان بەهەمانشێوە گفتوگۆی ماستەرەكەی دەكات و چەند خوێندكارێكی دیكەشمان لە ئێستادا خوێندكاری ماستەرن، ئەوەش جێگای شانازی و دڵخۆشی زۆرە بۆ هەموومان”.

خوێندكار ئەڤین روؤف همزه لە ساڵی 2012 بڕوانامەی بەكالۆرێسی لە بەشی ئەندازیاری گەیاندن لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەدەستهێناوەو ماوەی دوو ساڵ وەك یاریدەدەری مامۆستا لە بەشەكەیدا خزمەتی كردووە، پاشان بۆتە خوێندكاری ماستەرو ئەمڕۆش سەركەوتوانە توانی بڕوانامەكەی به‌ده‌ست بهێنێت.