وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ناوەندی وەرگرتن-ی خوێندكاران دەكات

  • نیسان 23, 2017
  • 1456 Views
وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ناوەندی وەرگرتن-ی خوێندكاران دەكات

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەئامانجی سود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشكەوتوو، ڕەچاوكردنی حەزو ئارەزوی خوێندكار و بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی زانستی زانكۆكان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) كۆمەلێك گۆڕانكاری گرنگی و گەورەی لە ناوەندی وەرگرتن و سیستمی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكان پەسند كرد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیەدا وردەكاری ئەو گۆڕانكاریانە خرانەڕو.

لەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە، ڕێكەوتی (٢٣/٤/٢٠١٧) لە هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس بۆ كۆمیتەی باڵای وەرگرتن-ی خوێندكاران لە زانكۆكان ڕێكخرابو لایەنەكانی گۆڕانكارییەكان باسكران.

سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی فراوان دەكرێت

لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەدا، د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆی، كە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) دەست بەجێبەجێكردنی كرا، بەشێوازێكی فراوان لەلایەن دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و كەسوكاریان پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و، خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەكەمین جار بەسەركەوتوی جێبەجێی بكەین، وتیشی بەهۆی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە نوێیەوە فشار لەسەر بەشە ناوخۆیی زانكۆكانیش كەمبووەوە.

د.محمد سابر ڕونیشیكردەوە ساڵی ڕابردو ئەو سیستمە لە زیاتر لە (١٠٠) بەشی زانستی لەسەرجەم زانكۆكان جێبەجێكرا، ئاشكراشیكرد بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەركەوتوە ئەنجومەنی وەزارەتەكەمان بڕیاریدراوە بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) ئەو سیستمە فراوان بكات، بەشێوەیەك سەرجەم بەشە زانستیەكان بگرێتەوە، جگە لە كۆلێژە (پزیشكیەكان، ئەندازیاری، یاسا) و، بەشەكانی (بایەلۆژی، كیمیا، زانستەكانی كۆمپیوتەر) لە كۆلێژەكانی زانست و، بەشەكانی (زمانی ئینگلیزی) لە كۆلێژەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەكان و ئەدەبیات.

ئەمساڵ خوێندكاران بە دوو قۆناخ لە زانكۆ وەردەگیرین

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەیەكەدا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتی: بەئامانجی زوتر دەستپێكردنی دەوامی خوێندكارانی قۆناخی یەكەم لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕاگەیاندنی وەرگرتنی ناوی خوێندكارانی بەدو قۆناخ بێت، بەشێوەیەك بۆ هەر قۆناخێكی دەرچون ڕێژەیەكی گونجاو لە پلانی وەرگرتنیان بۆ دانراوە، د.محمد سابر ڕونكردنەوەی زیاتری داو وتی: ڕێژەی (٥٥%)، یان زیاتر كورسیەكانی خوێندنی قۆناخی یەكەم بۆ دەرچوانی خولی یەكەمی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئەمساڵ و ساڵی پێشو(ئەوانەی لە هیچ زانكۆەیەك وەرنەگیراون) تەرخان دەكرێت، هەروەك ڕێژەی (٤٥%)ی كورسیەكانی خوێندنیش كە لە قۆناخی دوەم ڕادەگەێندرێت بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزەی خولی دوەمی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ دەبێت.
خوازیارانی كۆلێژەكانی (پزیشكی، ئەندازیاری، زانست) لە ئەژماركردنی نمرەی چەند وانەیەك سەرپشك دەكرێن

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، د.محمد سابر بڕیارێكی دیكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند: بۆ لەمەودوا دەرچوانی لقی زانستی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی بۆ پێشكەشكردنی داواكاری وەرگرتن لە كۆلێژ و بەشەكانی (كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری، زانست) دەتوانن تەنها نمرەی وانە پەیوەندیدارەكانی (فیزیا، كیمیا، بیركاری، زیندەوەرزانی، زمانی ئینگلیزی) ئەژمار بكەن و، ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی تر بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ پێشكەشكار لەسەرجەم وانەكان دەرچوبێت، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و وەرگرتن ئاشكراشیكرد، ئەم بڕیارە لە وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتا دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئەمساڵ دەتوانن سود لەو بڕیارە وەربگرن.
ئەژماركردنی تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكان

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، مژدەیەكی دیكە بە دەرچوانی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی درا بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی كە خاوەن تاقیكردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتیەكانن، بۆ ئەوەش د.محمد سابر وتی: ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا تاقیكردنەوە ستاندارە نێودەوڵەتیەكان بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەژمار بكرێ، بۆیە ئەو خوێندكارانەی دەرچوی پۆلی دوانزەیی ئامادەیی كە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكانی وەك (SAT1 and SAT2 ) و(AlEUEL EXAM) ئەنجام داوە، دەتوانن لە كاتی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان هاوپێچ بكەن تا بۆیان ئەژمار بكرێت، ئاشكراشیكرد ئەم تاقیكردنەوانە لە زانكۆ و حكومی و تایبەتەكان خوێندكاران دەتوانن پێیی بچنە پیشبڕكێ و، دوای ئەوەی لەلایەن كۆمیتەیەكەوە ڕێنمایی بۆ دەردەچێت، لە ئەمساڵیشەوە دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.