سه‌رۆكی زانكۆ پیرۆزبایی له‌ یادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران كرد

  • 2017-04-25
  • 1334 Views
سه‌رۆكی زانكۆ پیرۆزبایی له‌ یادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكاران كرد

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25 ی نیسانی 2017  به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامی پیرۆزبایی بۆ یادی 41 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیان ،

پ.ی.د (ئالان فەرەیدوون علی أمین) سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌هاوڕێیه‌تی پ.ی.د (محمد بابەکر) ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی ، د. (کازم فەرەج) راگری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی ، م.(سەڵاح) یاریدەدەری راگری پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی ، (ئارام بکر) ب.راگەیاندن و چالاکییەکان، سه‌ردانی سكرتاریه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن (سه‌رتیب عه‌لی) سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیكران.

سه‌رۆكی زانكۆ پیرۆزبایی یاده‌كه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان كرد و له‌ ووته‌یه‌كیدا ڕۆڵی ئه‌و ڕێكخراوه‌ خوێندكارییه‌ی له‌ مێژوی دروستبونییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌رز نرخاند و ئاماژه‌ی به‌ گرنگی هه‌بوونی كرد له‌گشت قۆناغه‌كاندا و داوای لێكردن شێلگیرانه‌تر داكۆكی له‌مافه‌ ڕه‌واكانی خوێندكاران بكه‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ ده‌گرێته‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی زیاتر دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی خوێندن به‌ شێوازێكی زانستییانه‌ به‌دوور له‌هه‌ر كارێكی ناشارستانی .

له‌كۆتاییدا پشتگیری و پشتیوانی خۆی و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان دوپات كردوه‌ به‌ئامانجی زیاتر سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری خوێندكاران له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا.

كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكارانی كوردستان 41 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ختترین رۆژگاره‌ سه‌خته‌كانی مێژووی‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی‌ گه‌له‌كه‌ماندا به‌ناوی‌ یه‌كێتی‌ خوێندكارانی‌ شۆڕشگێڕی‌ كوردستان له‌ 26/4/1976 دامه‌زراو وه‌ك ئۆرگانێكی خوێندكاری سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان درێژه‌ی به‌خه‌باتی ڕه‌وای خۆی داوه‌و خزمه‌تی به‌ توێژی خوێندكاران و لاوان ی كوردستان كردوه‌ .