یەکەمین دیداری زانستی پزیشکی ددان لە سلێمانی بەرێوەچوو

  • نیسان 28, 2017
  • 471 Views
یەکەمین دیداری زانستی پزیشکی ددان لە سلێمانی بەرێوەچوو

ئەمڕۆ کۆتایی ھات بە کارەکانی یەکەمین دیداری زانستی پزیشکی ددان لە سلێمانی و تێیدا چەندین چالاکی زانستی و پزیشکی تایبەت بە پزیشکی ددان بەرێوەچوو، کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکێک بوو لەو زانکۆیانەی رێکخەری ئەم دیدارەبوو.

لەسەرەتای دیدارەکەداو لە ووتەیەکیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، ئەم جۆرە دیدارانە زۆر گرنگن بەتایبەتی کە لە ئێستادا زانستی پزیشکی رۆژ لە دوای رۆژ لەبەروپێشچووندایەو پێویستە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان خۆمان لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەدا بگونجێنین و زانیارییەکانمان لەو بارەیەوە نوێبکەینەوە.
ھەروەھا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە ئێستادا لە بەشی پەرستاری ددان لە پەیمانگی تەکنیکی سلێمانی کادری ناوەندی لە بواری پەرستاری دداندا بۆ کەرتی گشتی و تایبەت ئامادەدەکرێت و ھەوڵدەدەین بە نوێترین زانیارییەکانی بوارەکە سازو ئامادەیان بکەین بۆ کارکردن.
لەوبارەیەوە د.ماردین عوسمان مامۆستای یاریدەدەرو ئەکادیمیستی کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، دیدارەکە گرنگی خۆی ھەیەو تێیدا زۆر بەووردی باس لە ھەندێک لە گرفتەکانی بوارەکەو چەند تەوەرێکی زانستی کراوە.
د.ماردین کە وەکو قسەکەرێک بە توێژینەوەیەک بەشداری دیدارەکەی کردبوو ووتیشی، ئەم دیدارە لەلایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی سلێمانی و دەزگای تەندروستی پێشمەرگەو بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستانەوە رێکخراوەو تێیدا ٥٠ کەس وەکو قسەکەر بەشدارییان کردووەو توێژینەوەیان پێشکەشکردووەو ١٢ وۆرکشۆپ و دیبەیتی جیاوازیش ئەنجامدراوە.