پڕۆژەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە فێستیڤاڵی مایا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا

  • ئایار 5, 2017
  • 4319 Views
پڕۆژەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە فێستیڤاڵی مایا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە دروستكردنی دوو ئامێری نوێ بەشداری لە فێسیتڤاڵی ساڵانەی مایا كرد و یەكێك لە ئامێرەكان لەسەر ئاستی عیراق پلەی یەكەمی فێستیڤاڵەكەی بەدەستهێنا.

فێستیڤاڵی مایا لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و لە شاری سلێمانی، بە بەشداری (18) زانكۆ و پێشكەشكردنی (88)پڕۆژە لەسەر ئاستی عێراق و نەتەوەی عەرەبی سازكرا، پڕۆژەكان لەلایەن ستافە شارەزاكانی ژاپۆن و ئوردن و عێراق هەڵسەنگاندنیان بۆ كراوە، لەو چوارچێوەیەشدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە دروستكردنی هەردوو ئامێری (Study temperature distribution and burning velocity in combustion chamber of rocket and aircraft) و (Multi Ab sport machine ) بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا كرد، كە بیرۆكەی دروستكردنی ئامێرەكان بیرۆكەی نوێن، هەر بۆیە ئامێرێكیان لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی فێستیڤاڵەكەی بەدەستهێنا و ئامێرەكەی دیكەشیان توانی سپۆنسەری گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان وەربگرێت.

ئامێری یەكەم (Study temperature distribution and burning velocity in combustion chamber of rocket and aircraft) بەسەرپەرشتی ی.پ.د.جاسم محەمەد عەبدولكەریم جاف یاریدەدەری راگری كۆلێژی ئەندازیاری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆكی بەشی ئەندازیاری میكانیك و بە هاوكاری ئەندازیاران ( شادی بەكر ئەحمەد و پەیمان سدیق ساڵح) و خوێندكار (میریان قادر تاهر) دروستكراوە، بیرۆكەی دروستكردنی ئامێرەكە بیرۆكەیەكی تازەیە لە نەتەوەی عەرەبیدا و تائێستا نەكراوە، هەر بۆیە توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنێت، لە دروستكردنی ئەم ئامێرە نوێیەدا سوود لە تێكەڵكردنی هەردوو بواری (ئایتی و میكانیك) وەرگیراوە بە بەكارهێنانی پڕۆگرامەكانی (quick data device & Computational fluid dynamic) كە تیایدا ئامێرەكە پێوانەی خێرای سووتاندن دەكات لە ژووری سووتاندنی موشەك و فڕۆكەدا.

ئامێری دووەم (Multi Ab sport machine ) كە بەهەمان شێوە بەسەرپەرشتی ی.پ.د.جاسم محەمەد عەبدولكەریم جاف و بەهاوكاری ئەندازیار مەحمود هیشام تاهر لەگەڵ خوێندكاران ( باوان جەمال غەریب، شەیما عەلی ئەحمەد ، لاڤە عەبدولقادر محەمەد، میریان قادر تاهر) دروستكراوە، كە لە فیستیڤاڵەكەدا توانی سپۆنسەری گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەستەبەربكات، ئەم ئامێرە ئامێرێكی نوێی وەرزشییە و بۆ یەكەمجارە دروست بكرێت لە جیهاندا كە لە 5 یاری پێكهاتووە و بەكاردەهێنرێت بۆ توانەوەی چەوری و توندكردنەوەی ورگ و دەوروبەری ورگ، واتا دەتوانرێت لە رێگەی ئەم ئامێرەوە جوڵە بە هەموو ماسولكەكانی ورگ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی زۆر ئاسانە و بۆ هەموو تەمەنێك گونجاوە و تێچوویەكی كەمی پێویستە.

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەمیشە هەوڵدەدات پێشەنگی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەكەش بێت لەڕووی داهێنانی بیرۆكە و تەكنیكی نوێ و ناوازەوە تاكو بتوانێت خزمەتی زیاتر بە خوێندكاران و كۆمەڵگە بكات.