ۆركشۆپەكانی ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC) دەستی بەكارەكانی كرد

  • ئایار 7, 2017
  • 466 Views
ۆركشۆپەكانی ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC) دەستی بەكارەكانی كرد

 

بە ئامانجی زیاتر شارەزابوونی خوێندكارانی زانكۆ بۆ چۆنیەتی نوسینی سی ڤی و پەیوەندیكردنیان بە دەزگاكانی كەرتی تایبەتەوە ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار، (CDC) بە هاوكاری نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و رێكخراوی فۆرس ۆركشۆپێكیان رێكخست.

ۆركشۆپەكە ئەمڕۆ لە كاتژمێر 11ی سەر لە بەیانی لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستی پێكرد، واش بڕیارە نزیكەی هەفتەیەك بەردەوامی هەبێت كە تایبەتە بە خوێندكارانی قۆناغی سێیەمی بەشەكانی زانكۆ، تا بتوانن لە مەشقی هاوینەیاندا سوودی لێببینن و پاشان دوای دەرچوونیان لە زانكۆ وەك ئەزمونێكی گەورە سوود لە زانیارییەكانی نێو وۆركشۆپەكە وەربگرن.

هەژان كەمال شاڵی راهێنەری پیشەی لە ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار ووتی:

ئامانج لەو ۆركشۆپانە نزیككردنەوەی خوێندكارانە لە كەرتی تایبەت و چۆنیەتی خۆ پێگەیاندنیان لەو بوارەی كە چەند ساڵە لە زانكۆ بۆی دەخوێنن.

وتیشی ” لە وۆركشۆپەكاندا بە وردی باس لە رەوشتی كاركردن و ئەتەكێت و چۆنیەتی نوسینی سی ڤی، لەگەڵ بەهێزكردنی توانای خوێندكارەكان دەكەین بۆ چۆنیەتی خۆ ئامادەكردنیان بۆ رۆژی چاوپێكەوتن بەمەبەستی بەدەستهێنانی كار”.

لە رۆژی یەكەمدا خوێندكارانی قۆناغی سێیەمی بەشی تەكنیكی میدیا بەشداربوون و بڕیارە رۆژانی دواتر خوێندكارانی بەشەكانی دیكە تێیدا بەشدار بن.

وەك رێكخەرانی ۆركشۆپەكە هێمایان بۆ دەكرد، مەبەستیانە لەو ماوەی بۆیان دانراوە بەرچاو روونی و شارەزایی تەواو بە خوێندكاران بدەن، هەروەك دەشیانەوێت ببنە پردێك بۆ پەیوەندی نێوان دەرچوانی زانكۆ و كەرتی تایبەت تا هەردوولایان بتوانن سوود لە یەكتری وەربگرن.

ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC)لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ماوەی دوو ساڵە دامەزراوەو ناوەندێكە خوێندكاران و دەرچووانی زانكۆ تێیدا گەشە دەدەن بە شارەزایی و تواناكانیان بۆ كار.